ڤان دایک پەسنی مێسی دەدات

08-12-2022
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ڤێرجیل ڤان دایک لیۆنێل مێسی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

ڤێرجیل ڤان دایک، بەرگریکار و کاپتنی هەڵبژاردەی هۆڵەندا، دووپاتیکردەوە کە لیۆنێل مێسی یەکێکە لە باشترین یاریزانانی مێژوو، بەڵام جەختیشی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەوان بەرامبەر ئەرجەنتین یاری دەکەن نەک مێسی.
 
سبەی 9ـی12ـک2022 لە یەکەم یاریی قۆناخی هەشتی مۆندیالی قەتەردا، هەڵبژاردەی هۆڵەندا رووبەڕووی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین دەبێتەوە، کە هەردوو تیپ رکابەری لەسەر بەدەستهێنانی بلیتێکی چوارگۆشەی زێڕینی مۆندیال دەکەن.
 
ڤان دایک لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا، گوتی "ئەمە قۆناخی چارەکی کۆتاییە، ئەوەش وادەکات تایبەت بێت. سەبارەت بە خۆم شانازی دەکەم و دڵخۆشم کە لێرەم بۆ ئەوەی پێشەنگی هاوڕێکانم بم و هیوادارم بگەینە قۆناخی پێش کۆتایی و دواتریش هەنگاوێکی دیکە لە خەونی هەموومان نزیک ببینەوە. بیر لە تۆڵەسندنەوە ناکەینەوە، ئێمە تەنیا دەمانەوێت کوالیتی خۆمان، رۆحی تیپەکەمان و رۆحی بەکۆمەڵمان نیشان بدەین و سەرکەوین بۆ قۆناخی داهاتوو".
 
سەبارەت بە لیۆنێل مێسی، کاپتنی هەڵبژاردەی هۆڵەندا گوتی "سەرەتا و پێش هەموو شتێک باس لە یەکێک لە باشترین یاریزانەکانی هەموو سەردەمەکان دەکەین، ئەو بۆ چەندین ساڵ ئەو راستییەی پیشانداوە،  ئەو و کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە دوو دەیەی رابردوودا یاریزانی ناوازە بوون، من جگە لە رێز هیچی دیکەم بۆ لیۆ نییە. سەبارەت بە ئێمە، ئێستا خۆمان ئامادە دەکەین بۆ ئەوەی لە ئەرجەنتین ببەینەوە، دەزانین مێسی ساڵانێکی زۆرە رۆڵێکی گەورەی هەبووە لە سەرکەوتنەکانیان، بەڵام بەرامبەر ئەرجەنتین یاری دەکەین نەک مێسی".
 
ڤان دایک باسی ڤان خال راهێنەریشی کرد و گوتی "پێموایە هەموو شتێک لەبارەی ڤان خالەوە روونە، بەکورتی ئەو بەسۆزە و بەشدارە لە هەموو شتێکدا، زۆر سەرنجی لەسەر وردەکارییە بچووکەکانە و دەیەوێت باشترین سوود لە تیپەکەی وەربگرێت، ئێمە کە هەموو ئەو ماوەیەی لەگەڵ ئەودا نەماندۆڕاوە چێژمان وەرگرتووە و بەشێکی گەورەی شانازییەکە بۆ ئەوە. هەموو شتێک بە باشی بەڕێوەدەچێت، هیوادارم ئەمە بەردەوام بێت".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە