رۆناڵد کۆمان: دەمانەوێت یەکەمی کۆمەڵەکەمان بین

رووداو دیجیتال

رۆناڵد کۆمان، راهێنەری یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، باسی یارییەکەی ئەمشەویان بەرامبەر یانەی یوڤێنتوسی ئیتالی کرد و دووپاتیکردەوە کە ئامانجیان بردنەوەی یارییەکەیە.

ئەمشەو کاژێر 23:00 بە کاتی باشووری کوردستان، هەردوو یانەی بارسێلۆنا و یوڤێنتوس لە گەڕی کۆتایی قۆناخی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگدا لەسەر یاریگەی کامپ نو رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە و جیهان چاوەڕێی یارییەکی گەورە و بەهێزە، ئەگەرچی هەردوو یانە پێشوەختە سەرکەوتنیان بۆ قۆناخی 16ـی پاڵەوانێتییەکە مسۆگەرکردووە.

رۆناڵد كۆمان، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا، گوتی "لە هەموو یارییەکدا ئامانجمان بردنەوە و ئەنجامدانی یارییەکی باشە، کاتێکیش قسە لەسەر چامپیۆنزلیگ بێت، دەمانەوێت پلەی یەکەمی کۆمەڵەکەمان بەدەستبێنین، ئێمە 3 خاڵ لەپێش یوڤێنتوسین و لەسەر یاریگەی ئەوان دوو بە هیچ لێمان بردوونەتەوە، بۆیە هەلی ئەوەمان لەپێشە ببینە یەکەمی کۆمەڵەکەمان".

لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەکەن کە لیۆنێل مێسی نائاسوودە دیارە، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا، گوتی "بێگومان پێویستە وەک راهێنەر قسە لەگەڵ مێسی بکەم سەبارەت بەوەی لەنێو یاریگەدا روویداوە یان ئەو شتانەی لەنێو تیپەکەماندا روودەدەن، بەهەمانشێوە لەگەڵ یاریزان و کاپتنەکانی دیکەشمان، من کات و وزەی خۆم بە گوێگرتن لە قسەی خەڵکی دیکە ناکوژم، وەک راهێنەر بۆ من گرنگە کار بۆ ئەوە بکەم بۆ ئەوەی یاریزانەکەم باشترین ئاست پێشکەش بکەن، مێسی بێت یان هەر یەکێکی دیکە".

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە بەراوردکردن لەنێوان لیۆنێل مێسی و کریستیانۆ رۆناڵدۆدا؟ کۆمان گوتی "پێموایە گونجاو نییە بەراوردی نێوان مێسی و رۆناڵدۆ بکرێت، هەردووکیان باشترینن، هەردووکیانم خۆشدەوێن، چونکە بە گۆڵە جوانەکانیان و دەستکەوتە گەورەکانیان زۆر چێژیان بە هەوادارانی تۆپی پێ داوە، هیوادارین جێژ لە یاریکردنیان وەرگرین".