ئەمشەو چامپیۆنزلیگە.. مێسی و رۆناڵدۆ دوای 2 ساڵ و 7 مانگ و 3 رۆژ رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە

رووداو دیجیتال

ئەمشەو 8 یاری لە گەڕی کۆتایی قۆناخی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگدا ئەنجام دەدرێن بۆ یەکلاییکردنەوەی چارەنووسی هەندێک لە یانەکانە، بەو پێیەی پێشتر چارەنووسی هەندێکیان پێشوەختە دیاریکراوە.

لە کۆمەڵەی شەشدا یانەی لازیۆی ئیتالی میوانداری یانەی کلەب بروجی بەلجیکی دەکات و 
بۆرووسیا دۆرتموندی ئەڵمانیش دەبێتە میوانی زێنیتی رووسی، کە یانە ئەڵمانییەکە بە 10 خاڵ پێشەنگی کۆمەڵەکەی گرتووە و دەتوانین بڵێین سەرکەوتنی خۆی مسۆگەرکردووە، بەو پێیەی لازیۆی خاوەن 9 خاڵ و کلەب بروجی خاوەن 7 خاڵ رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە و هەر ئانجامێکی ئەو یارییە لە بەرژەوەندی ئەڵمانەکاندایە.

لە کۆمەڵەی پێنجەمدا چێڵسی ئینگلیزی بە کۆکردنەوی 13 خاڵ یەکەمبوونی خۆی لەم کۆمەڵەیەدا یەکلاییکردووەتەوە و سێڤییای ئیسپانیش بە 10 خاڵ بلیتی دووەمی وەرگرتووە، ئیدی تەنیا وەک مەشقێک بەرامبەر کراسنۆداری رووسی و رێنی فەرەنسی یاریدەکەن.

لە کۆمەڵەی حەوتەمدا هەرچەندە بارسێلۆنای ئیسپانی و یوڤێنتوسی ئیتالی سەرکەوتوون، بەڵام یاری نێوان ئەو دوو یانەیە سەرنجی هەموو جیهان بەلای خۆیدا رادەکێشێت، چونکە دوای 2 ساڵ و 7 مانگ و 3 رۆژ هەردوو ئەفسانەی تۆپی پێ، لیۆنێل مێسی ئەرجەنتینی و کریستیانۆ رۆناڵدۆی پۆرتوگالی رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە.

بارسا بە 15 خاڵ لە پێشەنگی کۆمەڵەکەیە و یوڤێنتوسیش بە 12 خاڵ دووەمە، ئەگەر خانمە پیرەکە بتوانێت لەنێو کامپ نودا بەجیاوازی 3 گۆڵ لە بارسا بباتەوە، پلەی یەکەم بۆ خۆی دەبات، کە لەوانەیە ئەمە ئەرکێکی ئاسان نەبێت.

لە دوایین کۆمەڵەشدا دوو یاری گرنگ و یەکلاکەرەوە ئەنجام دەدرێن، کە پاریس سانجێرمان میوانداری بەشاک شەهیر دەکات و مانچێستەر یونایتدیش دەبێتە میوانی لایپزیگ. بێجگە لە یانە تورکییەکە هەریەکێک لە سێ یانەکەی دیکە خاوەنی 9 خاڵن، بۆیە هەموو ئەگەرەکان لەم کۆمەڵەیەدا کراوەن.

یارییەکانی ئەمشەو:

لازیۆ - کلەب بروج 20:55
زێنیت - بۆرووسیا دۆرتموند 20:55
چێڵسی - کراسنۆدار 23:00
بارسێلۆنا - یوڤێنتوس 23:00
پاریس سانجێرمان - بەشاک شەهیر 23:00
رێن - سێڤییا 23:00
دینامۆ کیێڤ - فرێنسڤارۆش 23:00
لایپزیگ - مانچێستەر یونایتد