بۆچی به‌یڵ به‌ر له‌ كۆتاییهاتنی یاری ئیسپانیۆل له‌ برنابیۆ رۆیشت؟

08-12-2019
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ریال مه‌درید گاریس به‌یڵ
A+ A-

رووداو ـ هه‌ولێر

له‌ یاری ریال مه‌درید و ئیسپانیۆل له‌ گه‌ڕی 16ی لالیگادا، 10 خوله‌ك به‌ر له‌وه‌ی یارییه‌كه‌ ته‌واو ببێت، گاریس به‌یڵ كه‌ به‌هۆی پێكانه‌وه‌ به‌شداری له‌ یارییه‌كه‌دا نه‌ده‌كرد، سواری ئۆتۆمبێله‌كه‌ی بوو و سانتیاگۆ برنابیۆی جێهێشت.

ئه‌و رۆیشتنه‌ی به‌یڵ پرسیاری ئه‌وه‌ی لای هه‌وادارانی ریال مه‌درید دروستكرد كه‌ بۆچی به‌یڵ به‌و شێوه‌یه‌ رۆیشتووه‌؟ به‌ڵام به‌رنامه‌ی ئیل چرینگێتۆ هه‌رزوو هۆكاری رۆیشتنی به‌یڵی ئاشكراكرد.

به‌پێی ئه‌و به‌رنامه‌یه‌، به‌یڵ له‌سه‌ر داوای كارگێڕی ریال مه‌درید بێرنابیۆی جێهێشتووه‌، به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئۆتۆمبێلی خۆی له‌ شوێنێك راگرتبوو كه‌ بووبووه‌ به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م كرێكارانی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی یاریگه‌كه‌.

وه‌ك ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ باسی ده‌كات، كه‌سێك له‌سه‌ر راسپارده‌ی كارگێڕی ریال مه‌درید، داوای لێكردووه‌ شوێنی ئۆتۆمبێله‌كه‌ی بگۆڕێت، ئه‌وه‌ش له‌ خوله‌كی 81 یارییه‌كه‌ بوو، ئه‌وكاتیش یانه‌كه‌ی به‌یڵ به‌ 2 گۆڵی بێبه‌رامبه‌ر له‌پێشبوو، بۆیه‌ یاریزانه‌كه‌ پێیباشبوو به‌یه‌كجاری بڕواته‌وه‌ ماڵه‌وه‌.

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ رادیۆی كادینا كۆپێ ئاشكرایكرد كه‌ به‌یڵ به‌ هاوڕێكانی گوتووه‌ بۆ یاری كلاسیكۆ له‌ 18/12/2019 ئاماده‌ده‌بێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە