شەوێکی دیکەی ئاگرینی چامپیۆنزلیگ بەڕێوەدەچێت

08-11-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن چامپیۆنزلیگ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

دوای ئەوەی دوێنێ 8 یاریی لە گەڕی چوارەمی قۆناخی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگ بەڕێوەچوون، ئەمڕۆش 8 یاریی دیکە بەڕێوەدەچن و تا راددەیەک چارەنووسەکان دیاری دەکرێن، کە هەندێکیان گەیشتنیان بە قۆناخی 16 مسۆگەر دەکەن و هەندێکیشیان بەتەواوی بێهیوا دەبن.
 
 
یارییەکانی کۆمەڵەی یەکەم
 
لە کۆمەڵەی یەکەمی چامپیۆنزلیگدا، بایرن میونشنی ئەڵمانی دروشمی پەڕینەوە و پێشاندانەوەی یانە مەزنەکەی باڤاریا لە ئالیانز ئارێنا بەرز دەکاتەوە، تاوەکو سەرکەوتن بۆ قۆناخی داهاتوو مسۆگەر بکات و پەیام بۆ رکابەرەکانی بنێرێت تاوەکو پێیان بڵێت، من ئامادەم بۆ رکابەریی لەسەر نازناوی چامپیۆنزلیگ.
 
بایرن میونشن دووەم یاری خۆی بەرامبەر گاڵاتەسەرای تورکی ئەنجامدەدات. ئەو یانەیەی پێشبینینەدەکرا دوای سێ گەڕی پاڵەوانێتییەکە، لە پێش مانچێستەر یونایتدەوە بێت و لە پلەی دووەمی ریزبەندی کۆمەڵەکەیدا بێت.
 
گاڵاتەسەرای لە یاری پێشوودا لە نێو یاریگەی خۆی، گێمێکی نموونەیی و پڕاوپڕ لە گوشار و مەترسی دروستکردن و قوفڵکردنی تواناکانی بایرن پێشکێشکرد، بەڵام لە کۆتاییدا هەندێکجار بەخت یاوەری نەبوو و هەندێکجاریش ئەزموونی باڤارییەکان رێگەی ئەوەی لێگرت، بەدڵخۆشییەوە لە یارییەکە بچێتە دەرەوە.
 
یارییەکەی ئەمشەو نەوەت خولەکی دیکە دەبێت، بۆ ئەوەی تۆماس توخێل و یاریزانەکانی دووپاتی بکەنەوە لە کۆمەڵەکەدا، یەکەمی بێ رکابەرن و توانای ئەوەشیان هەیە کێبڕکێکار بن لەسەر نازناوی خولەکە. میونشن دڵگەرمە بەسەرکەوتنە گەورەکەی دێر کلاسیکێر و پشتقایمە بەسێ بردنەوەی لەسەریەک لە چامپیۆنزلیگدا و ئەمشەو هەلەکە بۆ ئەو یانەیە بەردەستە تاوەکو لە کۆتایی یارییەکەدا، جارێکی دیکە یاریزانەکانی لەبەردەم هاندەراندا چەپڵەی سوپاسگوزاری بۆ پشتگیرییەکانی ئەوان لێبدەن.
 
سیناریۆی نێو ئالیانز ئارێنا، دەکرێ زۆر خزمەت بە مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی، نائارام، ناسەقامگیر و دڕدۆنگ بکات، کاتێک لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر کۆپێنهاگنی دانیمارکی یارییدەکات.
 
یونایتد لە گەڕی پێشوودا یەکەم سەرکەوتنی بەدەستهێنا و لە کۆپێنهاگنی بردەوە، بەڵام تیپی باشی نێو یارییەکە نەبوو و کۆنترۆڵیشی نەکردبوو، بەڵکو بەدرێژایی کاتی یارییەکە، دانیمارکییەکان نزیکبوون لەوەی مان یونایتد رووگیر بکەن لەبەردەم هاندەرەکانیدا، ئەگەر درەوشانەوەی ئاندرێ ئۆنانای گۆڵپارێز و لە کۆتاییشدا گۆڵەکەی هاری ماگوایەر نەبووایە.
 
یونایتد بەراورد بەو یارییەی کە دوو هەفتە لەمەوپێش بەرامبەر میوانە دانیمارکییەکەی ئەنجامیداوە، لە نێوخۆی ئینگلتەرادا ئابڕووبەرانە دێربیی مانچێستەری بە سیتی دۆڕاندووە و لە جامی کاراباو کەپیش بەهەمان سیناریۆی ئابڕووبەرانە چووەتە دەرەوە و تەنیا بردنەوەشی لە پرێمەرلیگ، زۆر بەزەحمەت و لە دوا ساتەکاندا بووە بەرامبەر فولهام.
 
تێن هاگی راهێنەر گەرچی تاوەکو ئێستا سەرسەختانە بەرگری لە تواکانی تیپەکەی دەکات، بەڵام ئەوەشی لەلا روونە گەڕانەوە لە دانیمارکەوە بەئەنجامێک کە بەدڵی هاندەران نەبێت، گوشارەکانی سەری زیاد دەکات و دەنگە ناڕازییەکان لەدژی بەرز و بەرزتر دەکاتەوە.
 
 
 
یارییەکانی کۆمەڵەی دووەم
 
لە دوای یەکەم شکست لە وەرزی ئەمساڵی پرێمەرلیگدا بەرامبەر نیوکاسڵ و لەدەستدانی پێشەنگی ریزبەندیی خولەکە لە بەرژەوەندی مانچێستەر سیتی رکابەر، ئەمشەو دەکرێ یاریگەی ئیمارایتس ئەو مەیدانەبێت کە میکێل ئارتێتا و یاریزانەکانی دەتوانن کەمێک خەندە بۆسەر لێوی ئەو هاندەرانەیان بگێڕنەوە کە ئەمساڵ لە هەموو کات زیاتر دڵنیان لەوەی، یانەکەیان رکابەری نازناوەکانە.
 
ئارسیناڵ یارییەکەی نیوکاسڵی لە پرێمەرلیگدا بەکەمێک ئازارەوە دۆڕاندووە و تاوەکو ئێستاش ئەو رووداوانەی لەو یارییەدا روویاندا، باڵیان بەسەر کۆی دۆخی یانەکەدا کێشاوە، تەنانەت کارگێڕیی یانەکەش بەفەرمی هەڵوێستی خۆی لەبارەی دۆخەکەوە بەنیگەرانییەوە خستە روو.
 
ئارسیناڵ لە یاریگەی خۆیدا بەرامبەر سێڤییا یارییدەکات و ئیلهامبەخشی لەندەنییەکان لەم یارییەدا، ئەو بردنەوەیە دەبێت کە لە گەڕی پێشووی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر میوانەکەی ئەمشەویان بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بەدەستیان هێنا.
 
هەلەکە بۆ ئارسیناڵ لە یارییەکەی ئەمشەودا بەردەستە تاوەکو گەڕانەوەی خێرا بۆسەر راستەڕێی دۆخی راستەقینەی تیپەکەی پێشان بدات و هەر زووش لە ژێر کاریگەریی شکستەکەی نیوکاسڵ بێتە دەرەوە، چونکە سێڤییا تیپێک نییە ویستی گەورەی بۆ رکابەریکردنی ئارسیناڵ لەسەر بلیتی پەڕینەوە بۆ قۆناخی داهاتوو پێشاندابێت.
 
سێڤییا لە نێوخۆی ئیسپانیا، وێڕای گۆڕینی راهێنەر و دوورخستنەوەی مێندیلیبار و دەستنیشانکردنی دیێگۆ ئەلۆنسۆ، بەڵام هیچ لە دۆخی نەگۆڕاوە و تیپەکە بەزنجیرەیەک ئەنجامی نێگەتیڤەوە کە نەبردنەوەیە لە پێنج یاریی رابردوو، روو لە لەندەن دەکات.
 
لانسی فەرەنسی کە دەیەوێت رکابەریی لەسەر بەدەستهێنانی پلەی دووەمی ریزبەندی کۆمەڵەکە بکات، دەیەوێت ئەمشەو ئەنجامی بەرامبەر ئایندهۆڤنی هۆڵەندی، لە ئەنجامی یاریی پێشوو باشتر بێت کاتێک لەگەڵیدا یەکسانبوو بە گۆڵێک.
 
لانس لە سێڤییا و ئایندهۆڤن زیاتر تینوێتی خۆی بەگەیشتن بەقۆناخی داهاتووی چامپیۆنزلیگ پێشانداوە و ئەمشەو ئەگەر بەئەنجامێکی باشەوە لە هۆڵەندا بگەڕێتەوە، دەکرێ بیر لەوە بکاتەوە، بلیتی گەیشتن بەقۆناخی شانزە لە رێگەی پلەی دووەمی کۆمەڵەکەوە، لە گیرفانەکانیدایە.
 
 
یارییەکانی کۆمەڵەی سێیەم
 
بەئەگەری زۆرەوە ئەمشەو ریال مەدرید لە چوارەم یاری خۆیدا لە قۆناخی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگ، لە تواناکانی درەوشاوەترین ئەستێرەی ئەمساڵی بێبەش دەبێت کە جود بێلینگهامە.
 
بیلی کە ئەمساڵ وێڕای یەکەم وەرزی کارکردنی لەگەڵ ریال مەدرید، سەرنجی لە هەموو هاوتیپەکانی خۆی دزیوە و لە هەمووان باشتر دەرکەوتووە، لە دوا یاریی ریال مەدرید لە لالیگا بەرامبەر رایۆ ڤاییکانۆ، تووشی پێکان لە شانیدابوو، گەرچی پزیشکەکانی ریال مەدرید دڵنیاییان داوە لەوەی پێکانەکەی سووکە و توانای یارییکردنی هەیە، بەڵام پێدەچێ لەلایەن کارلۆ ئەنچیلۆتی راهێنەرەوە لە یارییەکەی ئەمشەودا، پشووی پێبدرێت.
 
ریال مەدرید لە یاریگەی خۆیدا میوانداریی سپۆرتینگ براگای پۆرتوگالی دەکات و تیپەکە پێویستی بەوە هەیە، تووندتر و هێرشبەرانەتر لە دوا یاریی خۆی لە هەمان یاریگەدا دەربکەوێت، تاوەکو گەیشتن بەقۆناخی داهاتووی چامپیۆنزلیگ یەکلابکاتەوە و لەوەش زیاتر، دڵنیایی بداتە هاندەرەکانی کە توانای رکابەریی لەسەر نازناوەکان هەیە.
 
بۆ کارلۆ ئەنچیلۆتی کە شێوازی یاریکردنی تیپەکە و دەرنەکەوتنی ڤینیسیۆس جۆنیۆر و رۆدریگۆ لە یارییەکاندا بەباشی و گۆڵ تۆمارنەکردنیان ئەوی خستووەتە ژێر گوشارەوە و هەمووان لەوە دەترسن یارینەکردنی بێلینگهام، جادووی ئەمساڵی تیپەکە بەتاڵ بکاتەوە، پێویستی بەوە هەیە سەرسەختانە لە رێگەی یارییەکی باش و ئەنجامێکی باشەوە، داکۆکی لە بیرۆکە تاکتیکییەکانی خۆی بکات.
 
بەر لە دەرکەوتنی ریال مەدرید، ئەمشەو یارییەکی دیکەی هەمان کۆمەڵە، لە باشووری ئیتاڵیا و لە دیێگۆ ئارماندۆ مارادۆنا، ناپۆلی و یۆنیەن بەرلین کۆدەکاتەوە و یانە ئیتاڵییەکە دەکرێ بەسەرکەوتن لە یارییەکەی ئەمشەو و بەدەستهێنانی ئەنجامێکی باش لە یاریی داهاتوودا بەرامبەر ریال مەدرید، بیر لەوە بکاتەوە دەتوانێ بەپێشەنگی کۆمەڵەکە، بگاتە قۆناخی داهاتوو.
 
ریزبەندی ئێستای کۆمەڵەکە پێشانی دەدات بەرلین و براگا تەنیا ئومێدێکیان، بریتییە لە بیرکردنەوە لە گەیشتنە یۆرۆپالیگ و پێناچێ بۆ سەرکەوتن بۆ قۆناخی داهاتووی چامپیۆنزلیگ ئامادەبن، مەگەر لەو یارییانەی کە ماویانە قسەیەکی دیکە بکەن و هاوکێشەکان کەمێک دەستکاری بکەن.
 
 
یارییەکانی کۆمەڵەی چوارەم
 
دوای سەرەتا و دەرکەوتنێکی نایاب لە کۆمەڵەکەی خۆیدا و دوو بردنەوە و یەکسانبوونێک لە سێ یاریی رابردوودا، ریال سۆسیێدای ئیسپانی، دەیەوێت لە میوانداریکردنی بێنفیکای پۆرتوگالیی بێخاڵدا، دڵنیابێتەوە لەوەی بلیتی قۆناخی داهاتوو مسۆگەرە.
 
سۆسیێداد کە لەسەر هەموو ئاستەکان و لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا، بەباشی کاردەکات و چامپیۆنزلیگی بەیەکسانبوون لەگەڵ ئینتەرمیلانی دووەمی وەرزی رابردوو دەستپێکردووە، دەیەوێت هەنگاوێکی دیکە بەئاراستەی پەڕینەوە بۆ قۆناخی شانزەی پاڵەوانێتییەکە بهاوێژێت.
 
سۆسیێداد هاوتای ئینتەرمیلانی رکابەری حەوت خاڵی لە سێ یاریدا کۆکردووەتەوە، بەڵام ئەمشەو بەرامبەر لاوازترینی کۆمەڵەکە یارییدەکات و دەتوانێ لەوە دڵنیا ببێتەوە کە تاوەکو دوا گەڕ، چاوی لە پێشەنگی کۆمەڵەکە و خۆپاراستن لە رووبەڕووبوونەوەی تیپێکی بەهێزە لە قۆناخی شانزەی پاڵەوانێتییەکە.
 
ریال سۆسیێداد لە خولی لالیگادا، ئەم هەفتەیە دووچاری دۆڕانێکی ناشایستە بوو، هەموو شتێکی بەرامبەر بارسێلۆنا پێشکێشکرد، بەڵام هێرشبەرەکانی وێڕای یاریکردن بەبەرگریکەرانی بارسێلۆنا، نەیانتوانی گۆڵ بکەن و ئەوەش وایکرد لە دوا خولەکدا بەگۆڵێکی ئاراوخۆی بەرگریکەری بارسا بدۆڕێن.
 
ئینتەرمیلان لای خۆیەوە لە هەمان دۆخ و هەمان پێگەوە، بەڵام لە دەرەوەی یاریگەی خۆی، لە نەمسا بەرامبەر رێد بوڵ سالزبۆرگ یارییدەکات و یاریی پێشووی نێوان هەردوو تیپ لە جۆسیپی میاتزا بەسەرکەوتنی ئینتەرمیلان بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک کۆتاییهاتووە.
 
یانە ئیتاڵییەکە لە خولی نێوخۆشدا، بەرهەمی کارکردنی کارگێڕییەکەی و نۆژەنکردنەوەی تیپەکە لە هاوینی رابردوودا دەچنێتەوە و جارێکی دیکە توانی پێشەنگی ریزبەندی سێری ئا بەدەستبهێنێتەوە، دوای بردنەوەی لەسەریەک لە رۆما و ئاتلانتا کە لەو تیپانەن هەمیشە دەتوانن سەرئێشە بۆ نیرازۆری دروست بکەن.
 
ئینتەرمیلان کە وەرزی رابردوو لە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە بوو، بەو گۆڕانکارییانەی ئەمساڵ لە تیپەکەدا روویانداوە و ئەو هێز و ویستەی تاوەکو ئێستا تیپەکە پێشانیداوە، دەتوانێ چاوی لەوە بێت، پێشەنگی کۆمەڵەکە لە سۆسیێداد وەربگرێتەوە، بۆ ئەوەی لانیکەم، رکابەری راستەوخۆی لە قۆناخی داهاتوودا، یەکێک لە گەورەکانی ئەوروپا نەبێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

یاریزانانی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین جامی کۆپا ئەمریکایان بەرزکردووەتەوە، وێنە: AFP

ئەرجەنتین کۆپا ئەمریکای 2024ـی بردەوە

هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بۆ دووەم جار لەسەر یەک و 16ـەم جار لە مێژووی خۆی، توانی ناسناوی کۆپا ئەمریکا بباتەوە. ئەرجەنتین لە تەواوی پاڵەوانیێتییەکەدا تەنیا یەک گۆڵی لێکرا.