سوپرایز.. بنزیما راهێنەری داهاتووی ئیتیحاد دیاری دەکات

08-11-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن کەریم بنزیما یانەی ئیتیحاد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ئیتیحادی سعودی، رۆژێک دوای دۆڕانەکەی بەرامبەر یانەی جەوییەی عێراقی لە رکابەرییەکانی چامپیۆنزلیگی ئاسیا، بڕیاری دوورخستنەوەی نونۆ سانتۆ، راهێنەری یانەکەیدا و کەریم بنزیما رۆڵی یەکلاکەرەوەی دەبێت لە دەستنیشانکردنی راهێنەری داهاتووی یانەکە.
 
یانە سعودییەکە شەوی سێشەممە لە راگەیێنراوی فەرمیدا دوورخستنەوەی راهێنەرە پۆرتوگالییەکەی لە ئەرکی راهێنەرایەتیی یانەکەی راگەیاند و دەڵێت "بەشێوەیەکی کاتی یاریدەدەرەکانی سەرپەرشتی تیپەکە دەکەن، تاوەکو راهێنەرێکی نوێ دەستنیشاندەکرێت بۆ سەرپەرشتیکردنی پڕۆژەی یانەکە."
 
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، لە ژووری جل گۆڕینی یانەی ئیتیحاددا لە یاریگەی فرانسۆ هەریری لە هەولێر، کێشە کەوتووەتە نێوان کەریم بنزیما و نونۆ سانتۆ و ئەستێرە فەرەنسییەکە لە پلانەکانی ئەو راهێنەرە ناڕازی بووە، بەتایبەت دوای ئەوەی یارییەکەیان بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر بە یانەی جەوییە دۆڕاند، دوای ئەوەش کارگێڕیی یانەکە گەیشتوونەتە ئەو بڕیارەی کە چیدیکە سانتۆ ناتوانێت سەرپەرشتی پڕۆژەی یانەکە بکات.
 
بەپێی هەواڵی میدیای سعودیە، کەریم بنزیما رۆڵێکی یەکلاکەرەوەی دەبێت لە دەستنیشانکردنی راهێنەری داهاتووی یانەی ئیتیحاد کە چەند ناوێک بەربژێرن بۆ ئەوەی پۆستی راهێنەرایەتی یانەکە وەربگرن، بەربژێرەکانیش ئەمانەن؛ زینەدین زیدان، راهێنەری بەنێوبانگی فەرەنسی کە ئێستا بێ یانەیە و سەرپەرشتی هیچ یانەیەک ناکات، لۆران بلان، راهێنەری فەرەنسی، کە بەهەمان شێوەی زیزۆ ئەویش سەرپەرشتی هیچ یانەیەک ناکات، یەکێکی دیکە لە بەربژێرەکان جۆزێ مۆرینیۆی راهێنەری یانەی رۆمای ئیتاڵییە، بەڵام زۆر زەحمەتە ئەو راهێنەرە پۆرتوگالییە یانەی رۆما بەر لە کۆتاییهاتنی ئەم وەرزە بەجێبهێڵێت.
 
بەڕێوەبەری کارەکانی زینەدین زیدان قسەیکرووە و دەڵێت "بەرێز زیدان لە دوورەوە چاودێریی پڕۆژەی سعودییەکان دەکات، هەرکاتێک دەستەوارەیەکی فەرمیی پێشکێشبکرێت دەکرێت بیری لێبکاتەوە و گفتوگۆی لەبارەوە بکات."
 
کەریم بنزیما و زیدان پەیوەندییەکی زۆر بەهێزیان بەیەکەوە هەیە، پێشتر ئەستێرە فەرەنسییەکە لەژێر سەرپەرشتی ئەو راهێنەرە لە ریال مەدرید 3 نازناوی چامپیۆنزلیگی بردووەتەوە و دەکرێت کەریم پەیوەندی بە هاوڕێکەیەوە بکات بۆ ئەوەی رازی ببێت ببێتە راهێنەری یانەی ئیتیحاد."
 
نونۆ سانتۆ، لە 56 یارییدا سەرپەرشتی مەشقەکانی یانەی ئیتیحادی کردووە، 39 سەرکەوتن، 9 یەکسانبوون و 8 دۆڕانی هەبوو، تیپەکە لەژێر سەرپەرشتی ئەودا 102 گۆڵی تۆمارکرد، 35 گۆڵی لێکرا، وەرزی رابردوو خولی سعودی و جامی سوپەری سعودیەی لەگەڵ یانەکە بەدەستهێنا، بەڵام لەم وەرزەدا ئەنجامەکانی وەک پێویست نین، بەو هۆیەوە راهێنەرەکە لە کارەکەی دوورخرایەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە