پیکێ هەنگاوەکانی بۆ بوون بە سەرۆکی بارسێلۆنا دەستپێکرد

 
رووداو دیجیتاڵ

جێرارد پیکێ، ئەستێرەی ئیسپانی و یانەی بارسێلۆنا هەنگاوەکانی بۆ خۆ بەربژێرکردن بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی یانەکە دەستپێکرد.
 
میدیای ئیسپانیا دەڵێت " پەیوەندیی نێوان جێرارد پیکێ و خوان لاپۆرتا، سەرۆکی ئێستای یانەی بارسێلۆنا بەشێوەیەکی سەیر و سارد کۆتاییهات، سەرۆکی یانەکە داوایکردووە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی ئەنجامبدەن بۆ ماڵئاواییکردن لە پیکێ، بەڵام یاریزانەکە ئەم داواکارییەی رەتکردووەتەوە."
 
سیکی رۆدریگێز، رۆژنامەڤانی ئیسپانی دەڵێت " پیکێ لە خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا، ماتیۆ ئەلیمانی، بەڕێوەبەری وەرزشی و چاڤی هێرناندێز، راهێنەری یانەکە تووڕەیە و بە درۆزنیان دەزانێت، بەهۆی ئەوەی کە بەڵێنەکانیان لەگەڵ ئەو یاریزانە نەبردووەتە سەر."
 
لەلایەکی دیکەوە لویس ماسکارۆ، رۆژنامەڤانێکی دیکەی ئیسپانییە و دەڵێت " جێرارد پیکێ، هەنگاوەکانی دەستپێکرد بۆ ئەوەی تیمێک دروستبکات کار بۆ خۆ بەربژێرکردنی ئەو بکەن، بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی یانەی بارسێلۆنا لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی یانەکەدا."
 
جێرارد پیکێ، هەرچەند لە یاریی رابردوودا ماڵئاوایی لە هاندەرانی یانەی بارسێلۆنا کرد و بەشێوەیەکی یەکجاری وازی لە یارییکردن هێنا، بەڵام ئەمشەو بەهۆی کەمی بەرگریکارەوە لە ریزەکانی یانەکەدا یارییدەکات.
 
لە پەیامی ماڵئاواییکردنیدا لە هاندەرانی بارسا، پیکێ گوتی " رۆژێک دەگەڕێمەوە بارسێلۆنا و ئەمە ماڵئاوایی نییە، وەک ئەوەی چۆن لێرە لە دایکبووم لێرەش دەمرم."