ئەمشەو بایرن میونشن و بۆرووسیا دۆرتموند یارییان هەیە

08-11-2022
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن بایرن میونشن بۆرووسیا دۆرتموند
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
فۆلفسبۆرگ میوانداری بۆرووسیا دۆرتمۆند دەکات و ئەرکی بایرن میونشن ئاسان نییە کاتێک لە ئالیانز ئەرێنادا رووبەرووی ڤێردەربرێمەن دەبێتەوە.. ئەمە سیناریۆی هەفتەی چواردەیەمی بۆندێسلیگا دەبێت کە تێیدا بایرن میونشن بەئومێدی مانەوەیە لە پێشەنگی خولەکە.
 
بۆرووسیا دۆرتمۆند، لە فۆلفسهاگن ئارێنا، دەبێتە میوانی فۆلفسبۆرگ، یانەیەک کە شەش گەڕی لەسەریەکە ئەنجامەکانی لە نێوان سەرکەوتن و یەکسانبووندا دابەشدەکات و ئامادەنییە لە هیچ یارییەک بچێتە دەرەوە.. ئەم ئەنجامە باشانەی هەفتەکانی رابردووی فۆلفسبۆرگ، هەڕەشەی راستەقینەن لەسەر ئومێدەکانی بۆرووسیا دۆرتمۆند، چونکە ئەو تیپە بەرز و نزمی زۆر لە ئەنجامەکانیدا بەخۆوە دەبینێت و بەدەستهێنانی سەرکەوتن لە هیچ یارییەکی یانەکەدا، دڵنیایی لەسەداسەدی لە پشتەوە نییە.
 
ئەوەی کە کێشەی زۆری بۆ دۆرتمۆند لە وەرزی ئەمساڵدا دروستکردووە، بەردەوامبوونی زنجیرەی پێکانی یاریزانانی تیپەکەیە کە بەردەوام کێشە بۆ جێگیربوونی ئەو پێکهاتەیە دروستدەکەن کە لە ئیدین تیرزیگی راهێنەر دەیەوێت لە رێگەیانەوە بگاتە سەقامگیری لە ئەنجامەکانی تیپەکەیدا.
 
بۆرووسیا دۆرتمۆند لە یارییەکەدا ئومێدێکی گەورەشی هەیە، ئومێدی بردنەوە لە فۆلفسبۆرگ و دۆڕانی بایرن میونشن بەرامبەر ڤێردەربرێمەن کە ئەو ئەنجامە دەتوانێ تیپەکە بباتە پێشەنگی خولەکە.
 
بایرن میونشن وەک خووی هەمیشەیی ساڵانی رابردوو، ئەمساڵیش لە سەرەتادا هەندێک کەوتن و خاڵ لەدەستدانی هەبوو، کە وایکرد رکابەرەکانی ئومێد بەوە پەیدابکەن هەژموونی باڤارییەکان بەسەر خولەکەدا کۆتایی بێت، بەڵام لە کۆتاییدا، نایگێلسمان ئەو شێوازەی دۆزییەوە کە توانییان رێگەی تیپەکەی بەرەو بەدەستهێنانەوەی پێشەنگی خولەکە بۆ رووناککردەوە.
 
بایرن ئەم یارییەی لە وەرزی رابردوودا بەیەکسانبوون کۆتایی پێهێنا، بەڵام مێژوو پێمان دەڵێت، مێژوویەکی یەکجار زۆر بەسەر ئەو رۆژانەدا تێپەڕیوە کە ڤێردەربرێمەن سەرکەوتنی بەسەر بایرن میونشن لە خولی ئەڵمانیدا بەدەستهێنابێت.. دەکرێ ئەو تۆمارە مێژووییە ئەمشەویش رێگەی ئەرکەکەی بایرن ئاسان بکات بۆ گەیشتنەوە بە بردنەوەیەکی دیکە لە بۆندێسلیگا.
 
بایرن میونشن پێویستی بەوە هەیە یارییەکەی ئەمشەو بباتەوە، بۆئەوەی بەرلە دوا یاری خۆی لە دەستپێکردنی مۆندیالی قەتەر، بەسەرکەوتوویی بێتە دەرەوە، چونکە ئەرکی هەفتەی کۆتایی بەر لە مۆندیال بۆ میونشن پێناچێت زەحمەت بێت، ئەگەرچی باڤارییەکان دەباتە یاریگەی فیلینتس ئارێنا بۆ رووبەڕووبوونەوەی شالکێ.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە