ڤیدیۆ؛ عێراق بە سێ یاریزانی کوردەوە بەرامبەر مەکسیک یارییدەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

ئێرە شاری خیرۆنای ئیسپانیایە، لێرە هەڵبژاردەی عێراق، بەبێ ئەوەی بەشدارێکی مۆندیال بێت، بەرامبەر هەڵبژاردەیەکی مۆندیالی قەتەر یارییدەکات، ئەو هەڵبژاردەیە مەکسیکە.
 
هەڵبژاردەی عێراق، رۆژی دووشەممە لە بەغداوە گەیشتە خیرۆنا، یەکەیەکی مەشقیی بۆ یارییەکە ئەنجامدا و ئەمشەو کاژێر 23:00 بەکاتی باشووری کوردستان بەرامبەر هەڵبژاردەی مەکسیک یارییدەکات، یارییەکەش لە یاریگەی مۆنتلیڤیی تایبەت بە یانەی خیرۆنا بەڕێوەدەچێت.
 
عێراق لە ژێر سەرپەرشتی رازی شنێشل خۆی بۆ ئەم یارییە ئامادەکردووە و 21 یاریزان لەژێر سەرپەرشتی ئەو راهێنەرە بۆ یارییەکە ئامادەن، کە سێ لەو یاریزانانە کوردن، ئەوانیش دلۆڤان مەهدیی گۆڵپارێز، ئەحمەد زێرۆ و هیران ئەحمەدن.
 
هەرچەند هەڵبژاردەی عێراق، گرێبەستی لەگەڵ خیسوس کاساس، راهێنەری ئیسپانی واژۆکردووە، بەڵام بۆ ئەم یارییە و یاریی داهاتووی هەڵبژاردەکە بەرامبەر هەڵبژاردەی ئیکوادۆر، رازی شنێشل سەرپەرشتی هەڵبژاردەکە دەکات و کاساسیش چاودێریی کارەکانی دەکات.
 
عێراق دووەمجارە لە مێژوویدا بەرامبەر هەڵبژاردەی مەکسیک یارییدەکات، پێشتر لە مۆندیالی 1986 بەرامبەر ئەو هەڵبژاردەیە یارییکردبوو و بە گۆڵێکی بێبەرامبەر دۆڕابوون.
 
هەڵبژاردەی مەکسیک لە قۆناخی کۆتایی ئامادەکارییەکانی بۆ مۆندیال نزیکدەبێتەوە، هۆکاری هەڵبژاردنی هەڵبژاردەی عێراق، بۆ ئەنجامدانی ئەم یارییە رووبەڕووبوونەوەیانە لەگەڵ هەڵبژاردەی سعودیە، لە یارییەکانی مۆندیالدا.
 
دوای ئەم یارییە مەکسیک لە رۆژی چوارشەممەی داهاتوو، یارییەکی دیکە بەرامبەر سوێد ئەنجامدەدات، پاشان راستەوخۆ دەچێتە قەتەر بۆ بەشداریکردن لە مۆندیالدا و رۆژی 22ـی ئەم مانگە لە یەکەم یارییدا لە رکابەرییەکانی کۆمەڵەی سێیەمدا بەرامبەر پۆڵەندا یارییدەکات، کە کۆمەڵەکەیان ئەرجەنتین و سعودیەشی تێدایە.