ڤیدیۆ؛ دوای 2528 رۆژ چاڤی دەگەڕێتەوە کامپ نو

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەو پیاوەی هەمووان چاوەڕێی بوون بۆ ئەوەی ئاوێک بەو ئاگرەدا بکات، کە چەند ساڵێکە ماڵی بارسێلۆنا دەسووتێنێت، گەڕایەوە ماڵە کۆنەکەی و ئەمڕۆ وەک راهێنەری نوێی یانەکە دەناسێنرێت.

کاژێر 15:00 بەکاتی باشووری کوردستان رێورەسمی ناساندنی چاڤی وەک راهێنەری نوێی یانەی بارسێلۆنا دەستپێدەکات، پاشان لە کاژێر 15:30 راهێنەرەکە و خوان لاپۆرتا کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیان دەبێت و باسی گرێبەستەکە و پلانی کارکردنیان بۆ داهاتوو دەکەن.
 
چاڤی هێرناندێز.. کێ هەیە ئەو ناوەی نەبیستبێت؟، کێ هەیە ئەم دەموچاوە لەبیربکات؟ کە وەک یاریزان، سەربازێکی کاریگەری شۆڕشە گەورەکەی پێپ گواردیۆلا بوو لە سەردەمی تیکی تاکادا، وەک کاپتینیش سەرکردایەتی سەردەمی زێڕینی بارسای کرد و نازناو لەدوای نازناوی بەدەستدەهێنا.
 
کەتەلۆنییەکان، لە نێو ئەو دۆخە خراپ و کارەساتئامێزەی ئێستا یانەکەیان پێیدا تێدەپەڕێت، بەهیوا و ئاواتەوە چاوەڕێی ئەوەن چاڤی دەوا و دەرمانی دەردی ئەوان بێت.
 
چاڤی لە هەموو کەسێک زیاتر شارەزای بارسایە، ئەو ژووری جلگۆڕین و ژینگەی بارسا باش دەناسێت، ئاخر ئەو 767 یاری بە درێسی ئەو یانەیەوە کردووە، ئەو قوتابی ڤان خال، رێکارد، گواردیۆلا و ئێنریکییە، سوودیشی لە شکستەکانی بارسا لەگەڵ تاتا وەرگرتووە، بەڵام ئایا ئەمە بەسە بۆ ئەوەی ئەو راهێنەرە گەنجە، کە تەنیا لە خولی قەتەری ئەزموونی هەیە، بتوانێت ئەو ئەرکە قورس و گرانە لە ئەستۆ بگرێت؟ 
 
چاڤی هەنگاوێکی بوێرانەی ناوە، کە خۆی دەڵێت گەورەترین ئاڵنگارییە لە ژیانیدا، بەڵام سەرکێشییەکی مەترسیدارە بۆ یانەکە و راهێنەرەکەیشی، کە ئەگەری هەیە ببێتە مایەی بێئومێدییەکی نوێ بۆ یانەکە و پاشەکشەیەکی گەورەش بۆ چاڤی وەک راهێنەرێکی نوێ، کە هەنگاوی یەکەمیی لە قەتەر بە سەرکەوتوویی ناوە.
 
بێجگە لەوەی پێویستە چاڤی لە رووی هزریی و دەروونییەوە زۆر کار لەگەڵ یاریزانەکانی بکات، دەبێت لە رووی هونەریشەوە پلانێکی عاقڵانەی هەبێت، چونکە ئەو لەگەڵ سەد بە 3 بەرگری یاریدەکرد و کۆمان بەو پلانەوە لەگەڵ بارسا شکستی هێنا، بۆیە دەبێت بەباشی بیر لەو بابەتەش بکاتەوە.
 
هەرچۆنێک بێت، سەرەڕای ئەوەی یانەی سەد و بارسێلۆنا، خولی قەتەری و ئیسپانی زۆر لە یەکدی جیاوازن، بەڵام کاتێک چاڤی دەتوانێت لە قەتەر و بەو یاریزانانەی سەرکەوتوو بێت، دەکرێت لە گەڵ بارساشدا، کە کوالیتی یاریزانەکانی باشترە، سەرکەوتوو بێت.. بۆ نا؟
 
بەپێی هەواڵی میدیای ئیسپانیا، لە رێورەسمی ناساندنی چاڤیدا وەک راهێنەری نوێی یانەی بارسێلۆنا، پێپ گواردیۆلا، راهێنەری پێشووی یانەکە و ئێستای یانەی مانچێستەر سیتی ئامادەدەبێت.
 
چاڤی هێرناندێز، لە جێگەی رۆناڵد کۆمان دەبێتە راهێنەری یانەی بارسێلۆنا، دوای ئەوەی راهێنەرە هۆڵەندییەکە لە کارەکەی دوورخرایەوە و بارسا مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی چاڤی لەگەڵ یانەی سەدی قەتەری جێبەجێکرد، کە مەرجەکەی 5 ملیۆن یۆرۆ.
 
چاڤی لەکاتی گەیشتنی بۆ بارسێلۆنا بە رۆژنامەڤانانی گوت " یەکەم کارم لە بارسێلۆنا ئەوەدەبێت، بیرۆکەکانم بۆ یاریزانەکان روونبکەمەوە، بۆ ئەوەی کاری باش بۆ یانەکە بکەین."
 
ئەستێرەی پێشووی یانە کەتەلۆنییەکە دان بەوەدادەنێت کە گرێبەستکردن لەگەڵ بارسێلۆنا قورسبوو، چونکە دەبووایە سەرەتا گرێبەستەکەم لەگەڵ یانەی سەد تەواوبکەم و کار بۆ ئەوە بکەین گرێبەستی نوێ بۆ هەموو ستافەکەم بکەین کە لەگەڵم کاردەکەن.
 
راهێنەری نوێی یانەی بارسێلۆنا زیاتر گوتی "هەوڵدەدەین یاریزانەکانمان دڵخۆش بکەین، دەبێت ئێمە بە باشی کاربکەین و ئامانجەکانمان روون و ئاشکران، هەمیشە هەوڵدەدەین بۆ بردنەوە، دەبێت هەمیشە لەپێناو بردنەوە تێبکۆشین، من گەشبینم، بەڵام دەبێت بەباشی کاربکەین بۆ ئەوەی کارەکانمان بە باشی بەڕێوەبچن".
 
یاریزانان و هاندەرانی یانەی سەدی قەتەری دڵگرانی خۆیان بە رۆیشتنی چاڤی لە یانەکەیاندا پێشاندا، عەبدولکەریم حەسەن، یەکێک لە یاریزانە دیارەکانی تیپەکە لە دوایین یاریی چاڤیدا وەک راهێنەری یانەکە گوتی "هەست بە دڵگرانییەکی زۆر دەکەین بۆ رۆیشتنی چاڤی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دڵخۆشین، چونکە ئەو دەبێتە راهێنەری یانەیەکی گەورە و دەچێتە بارسێلۆنا، چاڤی رۆڵێکی گەورەی لە بەرەوپێشبردنی تۆپی پێی قەتەر هەبووە و بیرۆکەی نوێی هێناوەتە نێو خولەکە، بەتایبەتیش بۆ یانەی سەد، ئەمە بۆ ئێمەی یاریزانانی یانەکە شەرەفێکی گەورەیە و هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازین."
 
چاڤی کێیە؟
 
چاڤی هێرناندێز کریوس
 
کە 25-1-1980 لە شاری تێراسای ئیسپانیا لە دایکبووە و تەمەنی 41 ساڵە.
 
سەرەتای یارییکردنی لە تیپی لاوانی یانەی یاباک تێراسا بووە لە 1984-1984، پاشان چووەتە یانەی تێراسا لە 1985 تاوەکو 1991.
 
لە 1991 چاڤی چووە تیپی لاوانی بارسێلۆنا.
 
لە 1997 یاریزانەکە بۆ تیپی دووەمی بارسێلۆنا سەرخرا.
 
لە 1998 تاوەکو 2015 لە تیپی یەکەمی بارسێلۆنا یارییکردووە و یەکێک لە کاریگەرترین یاریزانەکانی هێڵی ناوەڕاستی یانەکە بووە و کاپتنی یانەکە بوو.
 
چاڤی لەگەڵ بارسێلۆنا 767 یاریی ئەنجامداوە و 85 گۆڵی تۆمارکردووە.
 
چاڤی لە وەرزی 2015-2016 چووە یانەی سەدی قەتەری و تاوەکو وەرزی 2018-2019 لەو یانەیە 117 یاریی ئەنجامدا و 25 گۆڵی تۆمارکرد.
 
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی چاڤی 113 یاریی بۆ هەڵبژاردەی ئیسپانیا کردووە و 13 گۆڵی کردووە.
 
وەک یاریزان چاڤی هێرناندێز 25 نازناوی لەگەڵ بارسێلۆنا بردووەتەوە.
 
لەگەڵ یانەی سەدی قەتەری 4 نازناوی بەدەستهێناوە.
 
لەگەڵ هەڵبژاردە جیاوازەکانی ئیسپانیا چوار نازناوی بردووەتەوە، کە دیارترینیان مۆندیالی 2010 بوو.
 
چاڤی لە ساڵی 2019 بووە راهێنەری یانەی سەدی قەتەری، لە ماوەی کارکردنیدا لەگەڵ یانەکە 97 یاریی ئەنجامدا، 64 بردنەوە، 16 یەکسانبوون و 17 دۆڕانی هەبوو.
 
هێرناندێز لەگەڵ سەد پێنج نازناوی بردەوە و رۆڵێکی گەورەی لە پێشخستنی یانەکەدا هەبووە.