ڤیدیۆ؛ ڤالێنسیا ریمۆنتادای بەسەر ئاتلێتیکۆ مەدریددا کرد

رووداو دیجیتاڵ

ئاتلێتیکۆ مەدرید دوو خاڵی زۆر گرنگی لەدەستدا، دوای ئەوەی رێگەی بە ڤالێنسیا دا ریمۆنتادای بەسەردا بکات و بە ئەنجامی 3-3 کۆتایی بە یارییەکەیان بێنێت.
 
ئاتلێتیکۆ مەدرید لەسەر یاریگەی مێستایا بووە میوانی ڤالێنسیا و بە خاڵێک گەڕایەوە مەدریدی پایتەخت.
 
لە نیوەی یەکەمدا لویس سوارێز لە خولەکی 35 گۆڵی پێشکەوتنی بۆ ئاتلێتیکۆ مەدرید تۆمارکرد، کە ئەمە حەوتەم گۆڵی بوو لەم وەرزەی لالیگادا.
 
لە نیوەی دووەمدا ساڤیچ بە هەلە گۆڵی یەکسانبوونی بۆ ڤالێنسیا لە گۆڵی خۆیان کرد، بەڵام  ئاتلێتیکۆ هەرزوو وەڵامی دایەوە و لە رێگەی گریزمان و ڤێرسالیکۆوە دوو گۆڵی دیکەیان لە خولەکەکانی 58 و 60ـدا تۆمارکرد.
 
لە کاتێکدا کە یارییەکە بەرەو کۆتایی دەچوو، شەمشەمەکوێرەکان لە کاتی زیادکراودا دوو گۆڵیان تۆمارکرد، کە هوگۆ دورۆ لە خولەکی 2 و 6ـی زیادکراودا هەردوو گۆڵەکەی تۆمارکرد.
 
بەم ئەنجامە ئاتلێتیکۆ مەدرید ژمارەی خاڵەکانی بووە 23 خاڵ لە پلەی چوارەمی ریزبەندیی، ڤالێنسیاش دەیەمە و 17 خاڵی هەیە.