ئێدی هاو بووە راهێنەری نیوکاسڵ

ئێدی هاو راهێنەری پێشووی یانەی بۆرنمۆس وەک یەکەم راهێنەری نوێی ئیدارەی نوێی نیوکاسڵ دەستبەکاربوو

ماوەی گەڕانی نیوکاسڵ بۆ رازیکردنی راهێنەرێکی نوێ کۆتاییهات، دوای ئەوەی گرێبەستیان لەگەڵ ئێدی هاو بۆ ماوەی دوو ساڵ و نیو واژۆ کرد و تاوەکو هاوینی 2024 بەردەوام دەبێت. 

دوای دوورخستنەوەی ستیڤ بروز لە پۆستی راهێنەرایەتی نیوکاسڵ، بەشێوەی کاتی گرایم جۆنز لەو ئەرکە بەردەوام بوو.

لە ماوەی رابردوودا ناوی چەندین راهێنەر بۆ وەرگرتنی پۆستی راهێنەری نیوکاسڵ باسکرابوو، دیارترینیان بریندان رۆدجێرز، پاولۆ فۆنسیکا، لوسیان فافێر و رۆبەرتۆ مارتێنیز بوو، بەڵام لە کۆتاییدا لەگەڵ ئێدی هاو گەیشتنە رێککەوتنی کۆتایی.

ئێدی هاو لە هاوینی 2020، دوای دابەزینی نۆرنمۆس لە پرێمەرلیگەوە بۆ چامپیۆنشیپ، لە پۆستەکەی دوورخرایەوە. 

دوای واژۆکردنی گرێبەستەکەی ئێدی هاو گوتی: "هەست بە شانازییەکی زۆر دەکەم کە ئەو ئەرکەم وەرگرتووە و بووم بە راهێنەری یانەیەکی مێژووی وەکو نیوکاسڵ، ئەمە رۆژێکی مێژوویی و لەبیرنەکراوە بۆ خۆم و خانەوادەکەم".

هەر لە درێژەی قسەکانیدا هاو دەشڵێت: "ئەمە هەلێکی نایابە، بەڵام لێرە کاری زۆرمان لەپێشە، من بەپەرۆشم بۆ دەستکردن بە کارکردن لەگەڵ یاریزانانی یانەکە و تامەزرۆی ئەوەم بچمە یاریگای یانەکە".

هەروەها ئێدی هاو سوپاسی خاوەنی نوێی یانەکەی کرد و گوتی: "دەمەوێت سوپاسی خاوەنی یانەکە بکەم بۆ ئەم دەرفەتەی بە منیان بەخشی. سوپاسی هاندەران دەکەم بۆ ئەو پێشوازییە گەرمەی لە منیان کرد".

ئێدی هاو لە ماوەی رابردوودا 545 یاری سەرپەرشتی ئەرکی یانەی بۆرنمۆسی کردووە توانیویەتی 228 سەرکەوتن تۆمار بکات.

بەرزترین ئەنجامی ئێدی هاو لەگەڵ یانەی بۆرنمۆس لە وەرزی 2016-2017 بوو کاتێک یانە ئینگلیزییەکە لە ریزبەندی پرێمەرلیگ پلەی حەوتەمی بەدەستهێنا کە توانییان 46 خاڵ کۆبکەنەوە کە ئەوە گەورەترین دەستکەوتی مێژووییی یانەکە بوو لە پرێمەرلیگ.