چاڤی هێرناندێز وەک راهێنەری نوێی یانەی بارسێلۆنا ناسێندرا

08-11-2021
سه‌فین ته‌ها @safintaha
A+ A-
 
رووداو دیجیتال 

یانەی بارسێلۆنا بەشێوەیەکی فەرمی چاڤی هێرناندێزی وەک راهێنەری نوێی تیپی تۆپی پێی یانەکەی ناساند و لە نێو یاریگەی کامپ نودا رێڕەسمێكیان سازکرد.
 
چاڤی هێرناندێز، لە جێگەی رۆناڵد کۆمان دەبێتە راهێنەری یانەی بارسێلۆنا، دوای ئەوەی راهێنەرە هۆڵەندییەکە لە کارەکەی دوورخرایەوە و بارسا مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی چاڤی لەگەڵ یانەی سەدی قەتەری جێبەجێکرد، کە مەرجەکەی 5 ملیۆن یۆرۆ.
 
ئەو کە بە کوڕێ یانەی بارسێلۆنا ناسراوە، بەر لە ناساندنەکە لەگەڵ میدیای فەرمیی یانەی بارسێلۆنا هەڤپەیڤینێکی کرد و دەڵێت: من لە ھەموو ئەو راھێنەرانە فێربووم كە كارم لەگەڵیان كردووە، وەك رایكارد، گواردیۆلا و ئێنریكی، دەمەوێت ئەزموونەكەم بۆ یاریزانان بگوازمەوە.
 
هێرنادێز گوتیشی: ژمارەیەكی زۆر نامەم بۆ ھاتووە، واتسئاپەكەم پڕ بووە، یاریزانانی پێشوو، راھێنەران، ھاوڕێیان نازانم چی بڵێم، زۆر بەپەرۆشم و سوپاس بۆ ھەمووان، هەروەها سوپاسی قەتەر دەكەم، شەش ساڵی جوانم لەوێ بەڕێكرد.
 
چاڤی سەبارەت بە ئێستای یانەی بارسێلۆنا و چۆنییەتی گەڕانەوەی بۆ یانەکە گوتی: دەبێت ھاندەرانی بارسێلۆنا شانازی بە یانەكەیانەوە بكەن، لاپۆرتا پەیوەندیی پێوەكردم و پێیگوتم پێویستیمان پێتە بۆ ئەوەی ببیتە راھێنەری یانەكە، زۆر سوپاسی سەرۆك دەكەم، مەشقدانەوەی بارسێلۆنا خەونی من بوو، ئێستا خەونەكەم بووە راستی و زۆر بەپەرۆشم بۆ دەستپێكردنی پرۆژەكەم، بەڵێن بە ھاندەران دەدەم سووربم لەسەر كاركردن بەباشی و جیددی دەبم.
 
یاریزانەکەی پێشووی بلاوگرانا کە ژمارە 6ـی دەپۆشی دەڵێت: من ھەستدەكەم لە ماڵەكەمم، زۆر یادگاری جوانم لێرە ھەیە و ھەموو تیمەكەم بەپەرۆشن، من شارەزای تیپەكە و یانەكەم، دەمەوێت ھاوكاریی یاریزانەكان بكەم، بەتایبەت لە رووی ھزرییەوە، ئێمە یاریزانی لاوی زۆرباشمان ھەیە و دەبێت كاری باش بەیەكەوە بكەین.
 
راهێنەرەکەی پێشووی سەدی قەتەری لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: زۆر سوپاسی ئەو پێشوازییە گەورەیەی ھاندەران دەكەم كە لێیانكردم، كاری جیددی دەكەم بۆ دڵخۆشكردنی ھاندەران.
 
چاڤی هێرنادێز بووە یەكەم راھێنەر لە مێژووی بارسێلۆنا کە گرێبەستەكەی لە نێو یاریگەدا واژۆکرا، ئەمەش وەک پاڵپشتییەکی مانەوییە بۆ ئەو راهێنەرەی کە هەمووان لە کەتەلۆنیا هیوایان لەسەر هەڵچینەوە.
 
 
چاڤی کێیە؟
 
چاڤی هێرناندێز کریوس
 
کە 25-1-1980 لە شاری تێراسای ئیسپانیا لە دایکبووە و تەمەنی 41 ساڵە.
 
سەرەتای یارییکردنی لە تیپی لاوانی یانەی یاباک تێراسا بووە لە 1984-1984، پاشان چووەتە یانەی تێراسا لە 1985 تاوەکو 1991.
 
لە 1991 چاڤی چووە تیپی لاوانی بارسێلۆنا.
 
لە 1997 یاریزانەکە بۆ تیپی دووەمی بارسێلۆنا سەرخرا.
 
لە 1998 تاوەکو 2015 لە تیپی یەکەمی بارسێلۆنا یارییکردووە و یەکێک لە کاریگەرترین یاریزانەکانی هێڵی ناوەڕاستی یانەکە بووە و کاپتنی یانەکە بوو.
 
چاڤی لەگەڵ بارسێلۆنا 767 یاریی ئەنجامداوە و 85 گۆڵی تۆمارکردووە.
 
چاڤی لە وەرزی 2015-2016 چووە یانەی سەدی قەتەری و تاوەکو وەرزی 2018-2019 لەو یانەیە 117 یاریی ئەنجامدا و 25 گۆڵی تۆمارکرد.
 
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی چاڤی 113 یاریی بۆ هەڵبژاردەی ئیسپانیا کردووە و 13 گۆڵی کردووە.
 
وەک یاریزان چاڤی هێرناندێز 25 نازناوی لەگەڵ بارسێلۆنا بردووەتەوە.
 
لەگەڵ یانەی سەدی قەتەری 4 نازناوی بەدەستهێناوە.
 
لەگەڵ هەڵبژاردە جیاوازەکانی ئیسپانیا چوار نازناوی بردووەتەوە، کە دیارترینیان مۆندیالی 2010 بوو.
 
چاڤی لە ساڵی 2019 بووە راهێنەری یانەی سەدی قەتەری، لە ماوەی کارکردنیدا لەگەڵ یانەکە 97 یاریی ئەنجامدا، 64 بردنەوە، 16 یەکسانبوون و 17 دۆڕانی هەبوو.
 
هێرناندێز لەگەڵ سەد پێنج نازناوی بردەوە و رۆڵێکی گەورەی لە پێشخستنی یانەکەدا هەبووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەی ئیسپانیا جامی یۆرۆی 2024 بەرزدەکاتەوە. وێنە: AFP

ئیسپانیا بۆ چوارەم جار بووە پاڵەوانی جامی یۆرۆ

ئیسپانیا بۆ جاری چوارەم بووە پاڵەوانی جامی یۆرۆ دوای ئەوەی لە یاری کۆتایی پاڵەوانێتییەکە کە لە یاریگەی ئۆلیمپیا ستادیۆم لە بەرلین بەڕێوەچوو، بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک لە ئینگڵتەرای بردەوە.