کاسێمیرۆ یاری نەکات ریال مەدرید ناباتەوە

رووداو دیجیتال

پێشبینی دەکرێت ریال مەدرید لە یارییەکەی ئەمشەویدا، کە لە چوارچێوەی گەڕی 9ی لالیگادا دەبێتە میوانی ڤالێنسیا، رووبەڕووی زەحمەتییەکی زۆر ببێتەوە، بەهۆی یاری نەکردنی کاسێمیرۆی یاریزانی بەرازیلی.

هۆکاری ئەم پێشبینییە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لەم وەرزەدا کاسێمیرۆ لە هەر یارییەکدا بەشێوەی سەرەکی یاری نەکردبێت یانەی شاهانە نەیتوانیوە یارییەکە بباتەوە.

کاسێمیرۆ لە بەرامبەر ڤالێنسیا ناتوانێت یاری بکات، بەهۆی ئەوەی کە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە و بەلای کەمەوە دەبێت ماوەی 14 رۆژ کەرەنتینە بکرێت.

ماڵپەڕی دیفێنسیا سێنترال ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە زینەدین زیدانی راهێنەری یانەی ریال مەدرید هەست بە مەترسی یارینەکردنی کاسێمیرۆ دەکات، بۆیە هەوڵدەدات پلانێکی گونجاو بدۆزێتەوە بۆ پڕکردنەوەی شوێنی یاریزانە بەرازیلییەکە.

ئەو سەرچاوەیە دەڵێت "کاسێمیرۆ لەم وەرزەی لالیگاد لە دوو یارییدا وەک یاریزانی سەرەکی بەشداری نەکردووە، لە هەردووکیاندا ریال مەدرید نەیتوانیوە بباتەوە، تەنانەت لەو دوو یارییەدا 5 خاڵی لەدەستداوە".

لە یاری ریال سۆسیداددا زیدان تاوەکو خولەکی 60 یاری پێنەکرد، ئەو نیو کاژێرەش بەس نەبوو بۆ ئەوەی ریال مەدرید بتوانێت یارییەکە بباتەوە، کە بە یەکسانبوون کۆتاییهات.

لە یاری کادیزیشدا جارێکی دیکە زیدان وەک یەدەگ یاری بە کاسێمیرۆ کرد، بەڵام ئەو یارییەشی نەبردەوە، تەنانەت بە گۆڵێکی بێبەرامبەر دۆڕا.

ریال مەدرید ئەمشەو بێبەش دەبێت لە تواناکانی 6 یاریزانی، سێیان بەهۆی پێکانەوە، کە بریتین لە هەریەک لە ناچۆ، ئۆدریۆزۆلا و کارفاخال، سێی دیکەش بەهۆی تووشبوونیان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، کە بریتین لە هەریەک لە ئیدین هازارد، کاسێمیرۆ و میلیتاو.