پێنج یاریزانی کورد لە ریزی هەڵبژاردەی بالەی عێراق یاریدەکەن
رووداو هەولێر
هەڵبژاردەی بالەی عێراق، بە بوونی پێنج یاریزانی کورد لە ریزەکانیدا، بەشداری پاڵەوانێتی وڵاتانی عەرەبی لە بەحرەین دەکات.
بڕیارە یارییەکانی پاڵەوانێتیی بالەی وڵاتانی عەرەب، رۆژی 29ـی ئەم مانگە لە شاری مەنامەی پایتەختی بەحرەین دەستپێبکات، هەڵبژاردەی عێراق بەسەرپەرشتی جەواد میهرگانی راهێنەری ئێرانی یەکێکە لە تیپە بەشدارەکان و چاوی لە ئەنجامێکی گەورەیە.
فیدراسیۆنی بالەی عێراق لە هەنگاوی یەکەمی ئامادەکارییەکاندا کەمپێکی راهێنانی بۆ تیپەکە لە شاری سلێمانی کردەوە و راهێنانەکان دوو هەفتە لەنێو هۆڵی یانەی پێشمەرگەی سلێمانی بەردەوام بوون، و بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا تیپەکە گەشتی ئێران بکات بۆ درێژەدان بە راهێنانەکان و ئەنجامدانی چەند یارییەکی دۆستانە.
عەلی عەبدولکازم، سەرپەرشتیاری گشتی هەڵبژاردەی بالەی عێراق، لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو رایگەیاند "لەم کەمپەدا 21 یاریزان بەشدارن و ئەمساڵ دەمانەوێت ئەنجامێکی باش بەدەستبهێنین، لە کەمپی راهێنانی سلێمانی یاریزانەکان بەشێوەیەکی بەهێز راهێنانیان پێکراوە و لەسەر داوای راهێنەر ئامادەکارییەکان دەبەینە وڵاتی ئێران".
یاریزانە کوردەکانی هەڵبژاردەی بالەی عێراق، بریتین لە هاومەند فەتاح، مستەفا کاکەجوان، محەممەد کەریم، ئیبراهیم مزەفەر، سەڵاحەدین شاکر.
هاومەند فەتاح، یاریزانی کوردی هەڵبژاردەی عێراق، بۆ رووداو گوتی "شانازییە کە لە پێکهاتەی یاریزانانی هەڵبژاردەی عێراقداین و دەمانەوێت رکابەرییەکی بەهێز لە پاڵەوانێتیی وڵاتانی عەرەب بکەین".
لە خولی نایابی بالەی عێراق، هەریەک لە یانەکانی هەولێر و پێشمەرگەی سلێمانی دوو یانەی کوردین و بەردەوام دەیان یاریزانی ئاستبەرزی کورد لە ریزی ئەم دوو تیپە کوردییە دەردەکەون.