رووداو وردەکاریی نوێ لەبارەی یانەی هەولێرەوە ئاشکرا دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

لیژنەی ئۆڵیمپی عێراق دەستەیەکی کاتی بۆ بەڕێوەبردنی یانەی هەولێر دادەنێت، ناوی سێ ئەندامی ئێستای یانەکەی تێدا نییە و دانانی دەستەکەش کاردانەوەی لێدەکەوێتەوە.
 
بەپێی نووسراوێک کە دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، لیژنەی ئۆڵیمیپی عێراق دەستەیەکی شەش کەسی دەستنیشانکردووە بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی کاتی کارەکانی یانەی هەولێر بەڕێوەببەن، بەڵام ناوی سێ ئەندامی ئێستای یانەکەی تێدا نییە.
 
لە نووسراوەکە کە واژۆی عەقلی مفتن، سەرۆکی لیژنەی ئۆڵیمپی لەسەرە هاتووە، بەهۆی دەستلەکارکێشانەوەی 4 ئەندامی پێشوو لە کۆی 7 ئەندام، بەپێی ماددەی 14 لە یاسای یانەکان بڕیاری دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ یانەی هەولێر دراوە، چارەسەرەکەش دانانی دەستەیەکی کاتییە بۆ ماوەی سێ مانگ.
 
لە نووسراوەکەدا، ناوی موئەید مەغدید، وەکو سەرۆکی دەستەی کاتی، جەلال محەممەد جێگری سەرۆک، نەوزاد سابیر وەکو ئەمینداری یانەکە، رێبوار محیەدین، ئەمینداری دارایی و هەریەکە لە شاخەوان عارف و نزار سڵێوە وەکو ئەندامی یانەکە هاتووە.
 
ئەوەی جێگەی سەرنجە، ناوی هەریەکە لە سروود غازی، سیروان تەها و جێماو کارەش، کە ئێستا ئەندامی کارگێڕیی یانەکەن تێدا نییە، ئەمەش لەلایەن بەشێکی هاندەرانی یانەکەوە کاردانەوەی گەورەی لێکەوتووەتەوە.
 
دکتۆر ئالان قادر، ئەمینداری لیژنەی ئۆڵیمپی کوردستان لەو بارەیەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "هەموو دامەزراوە وەرزشییەکانی کوردستان لەلایەن حکومەتی کوردستانەوە بەڕێوەدەبرێن و دەکرێت دەستێک لە دەرەوەی جیهانی وەرزشی هەبێت بۆ کارکردن لەسەر ئەم پرسە لە دژی یانەی هەولێر."
 
بەپێی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، ئەمڕۆ سەرۆکی یانەی هەولێر و بەشێکی ئەندامانی دەستەی کارگێڕیی یانەکە بۆ راپەڕاندنی کارەکانیان بەشێوەیەکی ئاسایی چوونەتە سەر کارەکانیان و ئاگادارکراونەتەوە لەوەی تاوەکو لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی ورد لە پرسەکەدا نەکرێت هیچ هەنگاوێک نەنێن.
 
مانگی 5ـی ئەمساڵ، بەڕێوەبەری گشتیی وەرزش بە نووسراوێک کە واژۆی سەردار ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتی وەرزشی لەسەرە، دەستەیەکی کاتیی بۆ بەڕێوەبردنی یانەکە راسپارد و دوای سێ مانگ کارکردن، ماوەی کارکردنیان درێژکرایەوە، بەڵام شەوی 7-10 نووسراوێک دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوت کە هەمان رۆژ لەلایەن سەرۆکی لیژنەی ئۆڵیمپی عێراق واژۆکراوە و دەستەیەکی دیکەی شەش کەس بۆ بەڕێوەبردنی یانەکە دەستنیشانکراوە.