ئەستێرە شاراوەکانی دیاری - کاستییۆ لوکیبا
رووداو دیجیتاڵ
کاستییۆ لوکیبا، بەرگریکاری فەرەنسی یانەی لایپزیگ، یەکێک لە دیارترین ئەستێرەکانی بۆندیسلیگا و ئامانجێکی گەورەی ریال مەدرید بۆ بەهێزکردنی هێڵی بەرگری یانەکە.
لوکیبا، تەمەنی 21 ساڵە و لە ریزەکانی لایپزیگ یاری دەکات، ئەو ئەستێرەیە ساڵی 2023 بە دەستەوارەیەکی 34 ملیۆنی لە لیۆنی فەرەنسییەوە، رووی لەو یانەیە کرد، ئەو یاریزانە جگە لە توانا جەستەییە بەهێزەکەی، خێراییەکی باشی هەیە و دەتوانێت لە چەند شوێنێکی جیاوازی هێڵی بەرگری یاری بکات، لە هەمان کاتدا باڵا بەرزەکەی یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی بتوانێت لە تۆپە هەواییەکانیشدا گرنگیی خۆی هەبێت.
گرنگترین زانیارییەکان دەربارەی کاستییۆ لوکیبا:
تەمەن: 21 ساڵ
باڵا: 184 سم
شوێن: دڵی بەرگری
وڵات: فەرەنسا
قاچی یاریکردن: چەپ
نرخی یاریزان: 40 ملیۆن یۆرۆ
ئەوەی سەرنجڕاکێشە دەربارەی لوکیبا، ئەوەیە کە دەتوانێت بە هەردوو پێیەکانی یاری بکات و هەست بە جیاوازی لە نێوانیان ناکرێت، ئەو یاریزانە خێرایە لە جوڵە و راکردن، دۆزینەوەی هەموو ئەو توانایانە لە یاریزانێکدا خەونی هەر یانەیەکی ئەورووپایە، ریال مەدریدیش یەکێکە لەو یانانە.
سەرچاوە ئەڵمانییەکان ئەوەیان خستووەتەڕوو کە فلۆرینتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدرید، لوکیبای کردووەتە ئامانجی یەکەمی خۆی لە بازاڕی گواستنەوەی زستانەدا، بەڵام ئەو دەزانێت کڕینی ئەو یاریزانە ئەرکێکی ئاسان نابێت، چونکە لوکیبا 4 ساڵ لە گرێبەستەکەی لەگەڵ لایپزیگ ماوە و یانە ئەڵمانییەکە پێدەچێت داوای دەستەوارەیەکی بەرز بکات بۆ دەستبەرداربوون لە یاریزانەکەی.
ئەوەی سەرنجڕاکێشە لە لوکیبا ئەوەیە، کە ئەو یاریزانە دەتوانێت چەند رۆڵێکی جیاواز ببینێت لە یاریگەدا، ئاستی لەو رۆڵە جیاوازانەدا جێگیرە، ئەو یاریزانە لەم وەرزەدا، لە پێنج یاری خولی ئەڵمانیدا چوار کلین شیتی بەدەستهێناوە و هۆکار بووە بۆ ئەوەی هێڵی بەرگری لایپزیگ بە لێکرانی تەنیا دوو گۆڵ، بە بەهێزترین هێڵی بەرگری بۆندیسلیگا دابنرێت لەم وەرزەدا.