ئینێستا باسی جێهێشتنی بارسێلۆنا دەکات و ریال مەدرید پەیامێکی بۆ دەنێرێت

08-10-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ئاندرێس ئینێستا وازهێنان ریال مەدرید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئاندرێس ئینێستا، ئەفسانەی پێشووی هەڵبژاردەی ئیسپانیا و بارسێلۆنا دوای وازهێنانی لە یاری تۆپی پێ، کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی لە یانە کۆنەکەی بارسێلۆنا سازکرد، بەئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە ئەفسانە و ئەستێرەکانی یانەکە، وەک چاڤی هێرناندێز، هانزی فلیک، خوان لاپۆرتا، دانی ئۆلمۆ، خاڤی، ئاراوخۆ، و چەندینی دیکە.
 
دوێنێ دووشەممە 7ـی تشرینی یەکەم، ئینێستا لە تەمەنی 40 ساڵیدا بەفەرمی وازهێنانی لە یاری تۆپی پێ بەشێوەیەکی هەمیشەیی راگەیاند، کە دوا وێستگەیشی لەگەڵ یانەی ئیماراتی ئیماراتی بوو.
 
ئینێستا لە سەرەتای قسەکانیدا، گوتی "هەرگیز بیرم لەوە نەدەکردەوە ئەم رۆژە ببینم، هەموو ئەو فرمێسکانەی لەم رۆژانەدا رژاندمان و ئەمڕۆش فرمێسکی سۆز و دڵخۆشیین".
 
لە درێژەی قسەکانیدا، ئینێستا گوتی "هەست بەدڵخۆشییەکی زۆر دەکەم بۆ گەیشتن بە خەونەکەم".
 
ئاماژەی بەوەشکرد، لاماسیا بۆ هەمیشە منی گۆڕی، هاتنم بۆ بارسا لە تەمەنی 12 ساڵی وای لێنەکردم ئەو شتانە لەبەرچاو نەگرم کە هەمبووە، شوێنێکە بۆ ئەوەی خەونەکانم بەدیبهێنم".
 
ئەو ئەفسانەیەی ئیسپانیا و بارسێلۆنا، ئاماژەی بەوەشکرد "ئامانجێکی دیکەم لە ژیانی وەرزشیدا هەڵبژاردەی نیشتمانی بوو، کە لە تەمەنی 15 ساڵییەوە بە مەشق و پاڵەوانێتییە بچووکەکان دەستیپێکرد تاوەکو ئاستی پیشەگەرانە، هەست بە شانازی دەکەم کە لە تیپێکدا یاری بکەم کە دوو یۆرۆ و مۆندیالێکی بردبێتەوە. بەتایبەتی ستایشی لویس ئاراگۆنێس و دێل بۆسکی و لۆپێتێگی دەکەم بۆ ئەو هەموو پشتگیری و رێزانەی کە نیشانیاندام".
 
لە درێژەی قسەکانیدا، ئینێستا سەبارەت بەو گۆڵەی لە یاریی کۆتایی مۆندیالی 2010 تۆماریکرد و بەهۆیەوە ئیسپانیا بووە پاڵەوانی جیهان، گوتی "ئێمە هەموومان گۆڵەکەمان تۆمارکرد بۆ بردنەوەی مۆندیال، ئەو پیاوانەی لەو یارییەدا شەڕیان کرد، هاندەران، یاریزانەکان، من لەوێ بووم بۆ ئەوەی ئەو کارە بکەم، بەڵام سیحری هەمووان وایکرد گرنگ بێت، جگە لەوەش بۆ سیحری دانی خارکی (یاریزانی کۆچکردووی ئیسپانیۆل) کە یارمەتیدەرمان بوو بۆ بەدەستهێنانی ئەو ئامانجە، شانازییەکی گەورەبوو کە بەشێک بووین لەو سەردەمە گەورەیە بۆ وڵاتەکەمان".
 
لە درێژەی قسەکانیدا، یاریزانەکەی پێشووی بارسا، باسی یانە کەتەلۆنییەکەیشی کرد و گوتی "ژیانی ئەو ساتە نایابانەی لەگەڵ هەڵبژاردەی نیشتمانیدا هیچ مانایەکی نەدەبوو بەبێ ئەوەی بەهەمانشێوە لەگەڵ بارساشدا بژین. ئەوە تەنیا پەیوەندی بە یاریکردنەوە نەبوو، بەڵکو لەسەر هەموو شتێک بوو کە ئەنجاممان دەدا و چۆن مەشقەکانمان دەکرد. ئەوەی لەو ماوەیەدا لەبیرمە، باشترین یادگارییەکانمن لە جیهاندا".
 
ئینێستا لە درێژەی قسەکانیدا، گوتی "لە ساڵی 2018 یەکێک لە قورسترین بڕیارەکانی ژیانم دا، لەگەڵ هەندێک سەرکێشی، ئەویش جێهێشتنی بارسێلۆنا و چوون بۆ دیوەکەی دیکەی جیهان کە ژاپۆنە، ئێستاش بەنیازم بەرەو پیشەی راهێنەرایەتی هەنگاو بنێم".
 
ئەفسانەی بارسێلۆنا، لە کۆتایی قسەکانیدا، گوتی "منیش دەمەوێت باسی دایکم بکەم، ئەوەندە قسەتان لەبارەیەوە نەبیستووە. من ئەمڕۆ دوای ماوەیەکی زۆر، واز لە یاریکردن دێنم و پێدەڵێم، سوپاس بۆ ئەوەی ئەو دایکە بوویت کە بۆیت و بۆ هەموو شتێک. ویستم ئێستا دەریببڕم، ئەو ئەوە دەزانێت، بەڵام ویستم ئەم ساتەوەختە تایبەت و جوانە لەگەڵیدا بەش بکەم، هەمیشە سوپاسگوزاری دەبم بۆ ئەو هەموو قوربانیدان و ماندووبوونەی کە بۆی داومە".
 
ئینێستا باسی باڵۆن دۆری 2010 دەکات کە ئەوکات خۆی و هەردوو هاوڕێکەی لیۆنێل مێسی و چاڤی هێرناندێز سێ بەربژێری سەرەکی بردنەوەی نازناوەکە بوون و گوتی "گرنگ نەبوو کام لەو سێیانەمان دەیباتەوە، وێنەی من و مێسی و چاڤی لەسەر ستەیجی خەڵاتەکە جوانتر و گرنگتربوو لەوەی کە ئایا کێ دەیباتەوە".
 

ماڵئاوایی ریال مەدرید لە ئینێستا
 
یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیدا، ماڵئاوایی لەو ئەفسانەیەی بارسێلۆنا دەکات، کە ئەمە دەقەکەیەتی:
 
دوای ئەوەی ئاندرێس ئینێستا وازهێنانی لە تۆپی پێی پیشەگەری راگەیاند، یانەی ریال مەدرید و سەرۆکی یانەی ریال مەدرید و دەستەی کارگێڕیی خوازیاری پێزانین و سەرسامی و سۆز و خۆشەویستی خۆیان بۆ یەکێک لە ئەفسانە گەورەکانی تۆپی پێی ئیسپانیا و تۆپی پێی جیهان دەردەبڕن. 
 
ئاندرێس ئینێستا، لە رێگەی یاریکردنی تۆپی پێ و بەهاکانییەوە، بەشداریی لە خۆشگوزەرانی ئەم وەرزشەدا کردووە، جگە لەو نازناوە زۆرانەی کە لە ماوەی ژیانی وەرزشیدا بەدەستیهێناون. گۆڵە بەنێوبانگەکەی لە یاریی کۆتایی مۆندیالی 2010ـی ئەفریقای باشوور بۆ هەمیشە لە یادی هەموو هاندەرانی ئیسپانیادا دەمێنێتەوە.
 
ریال مەدرید هیوای سەرکەوتن بۆ خۆی و خێزانەکەی دەخوازێت لەم قۆناخە نوێیەی ژیانیدا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە