ئینیێستا لەبارەی باڵۆن دۆری 2010 هاتەدەنگ



رووداو دیجیتاڵ

ئاندرێس ئینێستا، ئەفسانەی ناوەڕاستی پێشووی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، باسی خەڵاتی باڵۆن دۆری ساڵی 2010ی کردووە و دەڵێ وێنەی سێ لاوی لاماسیا لەسەر ستەیج، مایەی شانازی بوو.
 
ساڵی 2010 سێ یاریزانی یانەی بارسێلۆنا، ئاندرێس ئینیێستا، چاڤی هێرناندێز و لیۆنێل مێسی، بەربژێری باڵۆن دۆر بوون، مێسی خەڵاتەکەی بەدەستهێنا و مشتومڕێکی زۆری لێکەوتەوە.
 
ئاندرێس ئینیێستا، ئەفسانەی یانەی بارسێلۆنا و هەڵبژاردەی ئیسپانیا کە ئەمڕۆ وازهێنانی لە تۆپی پێ راگەیاند و مێژوویەکی گەورەی لە دوای خۆی جێهێشت وەک یەکێک لە باشترین ناوەڕاستکارەکانی مێژووی تۆپی پێ.
 
ئینیێستا ساڵی 2010 دوای وەرزێکی مێژوویی لەگەڵ یانەی بارسێلۆنا و بەدەستهێنانی جامی جیهانی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا و تۆمارکردنی گۆڵی یەکلاییکردنەوەی مۆندیال، بەربژێکرا بۆ بەدەستهێنانی باڵۆن دۆری ئەو ساڵە، هاوشانی دوو یاریزانی دیکەی بارسێلۆنا، چاڤی هێرناندێز و لیۆنێل مێسی.
 
سەرەڕای دەستکەوتەکانی ئینیێستا، لیۆنێل مێسی باڵۆن دۆری ساڵی 2010ی لە بەرژەوەندی خۆی یەکلاییکردەوە، ئەو بابەتە بووە جێی مشتومڕی زۆر و بەشێک لە رەخنەگران پێیانوابوو کە ستەم لە ئینیێستا کراوە و پێویست بوو ئەو خەڵاتەکە بەدەستبهێنێت.
 
ئینیێستا دوای 14 ساڵ لەو رووداوە، باسی ئەو رۆژە دەکات و دەڵێت "وێنەکەی لیۆ، چاڤی و من لەسەر ستەیجی رێزلێنانەکە بۆمن لە بردنەوەی خەڵاتەکە جوانتر بوو، سێ لاوی لاماسیا بەیەکەوە بەربژێری باڵۆن دۆر بن، ئەوە خەڵاتە گەورەکەیە نەک ئەوەی کێ خەڵاتەکەی بەدەستهێناوە".
 
ئەم قسانەی ئاندرێس ئینیێستا لە کاتێکدایە، ئەو یاریزانە وەک رێزلێنانێک لە ژمارەی درێسەکەی، لە رۆژی 8ی 10 (ئەمڕۆ) وازهێنانی یەکجاریی لە یاریکردن راگەیاند.