یەک بەربەست لەبەردەم گەڕانەوەی رامۆس بۆ ریال مەدرید هەیە

رووداو دیجیتاڵ

پێکانەکەی دانی کارڤاخال، ئەستێرەی ریال مەدرید، دەرگای گەڕانەوەی بۆ سێرخیۆ رامۆسی کاپتنی پێشووی یانەی شاهانە کردەوە.
 
ریال مەدرید بەدوای جێگرەوەیەکدا دەگەڕێت بۆ کارڤاخالی بەرگریکاری تەمەن 32 ساڵان، کە شەممەی رابردوو لە یاریی ریال مەدرید و ڤیاریالدا، لە ئەنجامی بەریەککەوتنی لەگەڵ یێرمی پینۆی یاریزانی یانەی ڤیاریال تووشی پێکان بوو.
 
یانەی ریال مەدرید رایگەیاند، کارڤاخال تووشی پچڕانی دوو بەستەر و ریشاڵی ماسوولەکەکانی قاچی راستی بووە و نەشتەرگەری بۆ دەکرێت.
 
تۆڕی diariogolـی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، سێرخیۆ رامۆس، کاپتنی پێشووی تیپەکە، یەکێکە لەو ناوە دیارانەی کە بەربژێر کراوە بۆ جێگرتنەوەی کارڤاخال.
 
سەرچاوەکە لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە رامۆس یاریزانێکی ئازادە و بێ تیپە، ئەمەش وایکردووە ببێتە بژاردەیەکی سەرنجڕاکێش ئەگەر ریال مەدرید ئارەزووی ئەوە بکات، ئەوا دەتوانێت لەبری ئەوەی چاوەڕێی بازاڕی گواستنەوەی زستانە بکات، یاریزانێکی ئازاد بگوازێتەوە.
 
هەرچەندە هەموو شتێک ئاماژە بەوە دەکات کە ریال مەدرید بۆ ئەو کارە پەنا بۆ لوکاس ڤاسکێز و ئیدێر میلیتاو دەبات، بەڵام هاندەرانی ریال مەدرید داوا لە بەرپرسانی یانەکەیان دەکەن گرێبەست لەگەڵ سێرخیۆ رامۆس بکەن.
 
تۆڕی diariogolـی ئیسپانی لە راپۆرتەکەیدا رایگەیاندووە، رامۆس کەسێکی نامۆ نییە و هیچ کاتێکی پێویست نییە بۆ ئەوەی خۆی لەگەڵ تیپەکەدا بگونجێنێت، هەروەها لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ زۆر بەنێوبانگە و هاندەران خۆشیان دەوێت بۆیە ەب باشترین بژاردەی دەزانن بۆ بەهێزکردنی هێڵی بەرگری، جا چ لە دڵی بەرگری یاری بکات یان لە بەرگری  باڵی راست.
 
هەندێک لە میدیاکان باس لەوە دەکەن کە تەنیا کێشەیەک لەبەردەم رامۆسدا هەیە، کە لەوانەیە ببێتە هۆی روونەدان و سەرنەگرتنی ئەو گرێبەستە، ئەویش ئەو مووچە زۆرەیە کە رامۆس داوای دەکات، بەو پێیەی بەرگریکارەکە هێشتا بێ تیپە و چاوەڕێی دۆزینەوەی پرۆژەیەک دەکات کە لەگەڵ پێداویستییەکانیدا بگونجێت. سەرەڕای بەدەستگەیشتنی دەستەوارە لە سعودیە و خولی ئەمریکی و خولی بەرازیلی، بەڵام هیچ دەستەوارەیەکی قبوڵ نەکردووە.
 
بۆیە پێسبینی دەکرێت داواکاریی دارایی تاکە هۆکار و بەربەست بێت لەپێش سەرنەگرتنی دانوستاندنەکانی نێوان ریال مەدرید و رامۆس، ئەگەر بڕیاربێت دانوستاندن بکرێت.
 
بەگوێرەی رۆژنامەڤانی ئیتاڵی ماتیۆ مۆرێتۆ، ئەستێرە ئیسپانییەکە داوای بڕە پارەیەکی زۆر دەکات، چونکە لە قۆناخی کۆتاییدایە وەک یاریزانێکی پیشەگەری تۆپی پێ، ئاشکراشیکردووە ساڵانە داوای نزیکەی 6 ملیۆن یۆرۆی کردووە بۆ ئەوەی گرێبەست لەگەڵ هەر تیپێکدا بکات.