شەڕ گەشتی رۆناڵدۆ بۆ ئێران هەڵدەوەشێنێتەوە

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن کریستیانۆ رۆناڵدۆ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گەشتەکەی رۆناڵدۆ بۆ ئێران هەڵوەشێنرایەوە و یارییەکەی ئێران و قەتەریش لە دەرەوەی وڵاتەکە بەڕێوەدەچێت.
 
بەهۆی ئەو بارودۆخەی ئێران و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست پێیدا تێدەپەڕێت، فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا، بەشێوەیەکی فەرمی بڕیاریدا یاریی نێوان هەردوو هەڵبژاردەی ئێران و قەتەر، لە پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیال لە دەرەوەی ئێران بەڕێوەبچێت.
 
رۆژی 15ـی ئەم مانگە ئێران لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالدا میوانداریی قەتەر دەکات، بەڵام بەهۆی دۆخی خراپی وڵاتەکەوە بڕیاردرا یارییەکە بگوازێتەوە بۆ وڵاتێکی دیکە.
 
میدیای ئێران دەڵێت "نزیکترین وڵات کە ئەگەری هەیە یارییەکەی لێبکرێت ئوزبەکستانە، بەڵام هێشتا فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران بڕیاری کۆتایی نەداوە."
 
لەلایەکی دیکەوە، بڕیارە هەردوو یانەی ئیستقلال تەهران و نەسڕی سعودی، رۆژی 22ـی ئەم مانگە لە چامپیۆنزلیگی ئاسیادا رووبەڕووی یەک ببنەوە و یارییەکە لە تاران بکرێت، بەڵام کریستیانۆ رۆناڵدۆ بڕیاری داوە بەشداری لەو یارییەدا نەکات و ناچێتە ئێران، تەنیا لەکاتێکدا نەبێت ئەگەر یارییەکە لە دەرەوەی ئێران بەڕێوەبچێت.
 
ساڵی رابردوو کریستیانۆ رۆناڵدۆ لەگەڵ یانەی نەسڕ بۆ یەکەمجار چووە ئێران، پێشوازییەکی گەورەی لەلایەن بەرپرسانی وەرزشی و هاندەرانی تۆپی پێ لە ئەستێرە پۆرتوگالییەکە کرا.
 
ئەگەر رۆناڵدۆ بەشداری لەو یارییەدا نەکات، دەبێتە جاری دووەم لەم وەرزەدا ئەو کارە بکات، لەکاتێکدا لە یاریی نەسڕ و شورتەش کە لە بەغدا بەڕێوەچوو، رۆناڵدۆ لەگەڵ یانەکە گەشتی نەکرد و بەشداریی لەو یارییەدا نەکرد.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە