ڤاڵڤێردی هاوڕای سوارێزە و هێرشدەکاتە سەر بێلسا

5 کاژێر له‌مه‌وپێش
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن فیدریکۆ ڤاڵڤێردی هەڵبژاردەی ئۆرۆگوای
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

فیدریکۆ ڤاڵڤێردی، یاریزانی هەڵبژاردەی ئۆرۆگوای دەڵێ، ئەوەی لویس سوارێز لەبارەی مارسێلۆ بێلسا، راهێنەری هەڵبژاردەی ئۆرگوایەوە گوتوویەتی، هەمووی راستن و رێگەی راست بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، گفتوگۆیە.
 
پێشتر لویس سوارێز، یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی ئۆرۆگوای، دۆخی هەڵبژاردەکەی لەگەڵ بێلسای ئەرجەنتینی، بە نێگەتیڤ ناوبردبوو، گوتبووی بێلسا تەنانەت بەیانی باش لە یاریزانەکانی ناکات.
 
ڤاڵڤێردی، لە لێدوانی بۆ میدیاکان دەڵێ، "ئەوەی سوارێز گوتوویەتی هەمووی راستە، ئەو هەرگیز درۆی نەکردووە و شتی ناڕاستی نەگوتووە، زێدەڕۆیی لە قسەکانیدا نەکردووە، ئەو شتەکانی بەو شێوەیە گوتووە کە هەن، من لای خۆمەوە وەک هەموو ئەوانیدیکە، لەگەڵ هاوڕێکانم لە ژووری جلگۆڕین قسە دەکەین و باسی شتەکان دەکەین".
 
ڤاڵڤێردی هەروەها دەڵێ، رێگەی راست بۆ چارەسەری کێشەکان، قسەکردن و گفتوگۆیە و پێشتر چەندجارێک کێشەکانمان بەو شێوەیە چارەسەر کردووە.
 
دووپاتیدەکاتەوە، "هەموو کات هەر بەو شێوەیە کارمان کردووە". دەڵێ، سوارێز پێویستی بەوە نییە رەزامەندی هیچ کەسێک وەربگرێت بۆ قسەکردن، چونکە ئەو بەخۆشەویستییەکی زۆرەوە تۆپی پێ دەکات.
 
ڤاڵڤێردی، لەباسی سوارێزدا، ئەوی بە سیمبولی ئۆرۆگوای داناوە، دەڵێ، "ئەوە دەکات کە خۆی بەڕاستی دەزانێت".
 
سوارێز، گۆڵکەری مێژوویی هەڵبژاردەی ئۆرۆگوای، پێشتر باسی هەڵوێست و رووداوی جیاوازی لەگەڵ مارسیلۆ بێلسا، راهێنەری هەڵبژاردەی ئۆرۆگوای کردبوو.
 
ئەو گوتبووی، یاریزانەکان بەو راهێنەرەیان گوتووە تەنیا بەیانی باشیان لێبکات، بەڵام ئەو تەنانەت ناڵێ سڵاو.
 
هەروەها گوتبووی "من وەک کاپتنی هەڵبژاردەکە پێنج خولەک قسەم لەگەڵ کرد و شتەکانم بۆ روونکردەوە، کەچی ئەو لە کۆتاییدا بێباکانە وتی، زۆر باشە سوپاس".
 
سوارێز هەروەها دەڵێ، هەندێک یاریزان لە کۆپا ئەمێریکای رابردوو، بیریان لەوە دەکردەوە بەیەکجار واز لە یاریکردن بۆ هەڵبژاردەی ئۆرۆگوای بهێنن.
 
هەروەها گوتبووی، راهێنەرانی هەڵبژاردەی لاوانی ئۆرۆگوای رێگەیان پێنادرێت یاریزانانی هەڵبژاردەی یەکەمی وڵاتەکە ببینن.
 
بێلسا کە بەباوکی رۆحیی هەندێک راهێنەری ئێستای جیهان دادەنرێت، پێشتر راهێنەری یانەکانی ئاتلێتیک بیلباو، لیدز یونایتد و چەندین یانە و هەڵبژاردەی دیکەش بووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە