یانەکانی هەولێر و کۆیە لە یاریی کۆتایی پاڵەوانیێتیی بالەی عێراق رووبەڕوو دەبنەوە

8 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 
 
یاریی کۆتایی پاڵەوانیێتیی بالەی تازەپێگەیشتووانی عێراق، ئەمڕۆ لە هەولێر لەنێوان هەردوو یانەی بالەی هەولێر و کۆیە دەکرێت.
 
محەممەد کارێزی، پەیامنێری رووداو دەڵێ "کاژێر 12:00ـی ئەمڕۆ یارییەکە لە شاری هەولێر و لەنێو هۆڵی یانەی ئەکاد لە شارۆچکەی عەنکاوە دەکرێت."
 
ئەمساڵ پاڵەوانیێتییەکە بە بەشداریی چوار یانە کرا، کە بریتی بوون لە یانەکانی: هەولێر، ئەکاد عەنکاوە، دووکان و بابان.
 
پاڵەوانیێتییەکە بۆ ماوەی سێ رۆژ بوو و یارییەکان لە هەولێر و بەشێوازی خول بە یەک قۆناخ، بەسەرپەرشتییی فیدراسیۆنی بالەی عێراق کران.
 
دوای رکابەریێکی بەهێز، هەریەک لە یانەکانی کۆیە لەگەڵ یانەی هەولێر گەیشتنە یاری کۆتایی و نیوەڕۆی ئەمڕۆ رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە.
 
مونیر ئیسحاق، سەرۆکی لقی هەولێری یەکێتیی تۆپی بالەی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئەم پاڵەوانیێتییەمان کردووەتەوە بۆ ئەوەی بۆ داهاتووی عێراق، ژمارەیەک یاریزانی ئاستبەرز دروستبکەین و لە هەمان کاتیشدا هەڵبژاردەی نوێی عێراق دەستنیشان دەکرێت بۆ پاڵەوانیێتییەکانی دەرەوە."
 
یانەی هەولێر دوو مانگە تیپەکەی دروست کردووە و ئامادەکارییەکانی بەردەوام بوون تاوەکو بەر لە دەستپێکردنی پاڵەوانیتیێتییەکە.
 
یانەی کۆیەش قوتابخانەیەکی تایبەتی بالەی هەیە و ژماریەک یاریزانی ئاستبەرزی دروست کردووە، یەکێک لەوانە هەڵسوون هەوراز ـە.
 
هەڵسوون هەوراز، یاریزانی هەڵبژاردەی بالەی لاوانی عێراق بە رووداوی گوت "بەدڵنیایەوە ئێمە لە شارۆچکەی کۆیە لەگەڵ ئەوەی لەنێو هۆڵێکی سادە و ساکار و بەبێ هیچ پاڵپشتییەک راهێنان دەکەین، بەڵام خەونی گەورەمان هەیە، بەتایبەت من دەمەوێت لە ئەستێرەکانی داهاتووی هەڵبژاردەی عێراق و خولی نایابی عێراق بم."
 
گرنگیدان بە ئاستی تازەپێگەیشتووان پلانێکی نوێی فیدراسیۆنی باڵای عێراقە بۆ ئەوەی ژمارەیەک یاریزانی گەنج دەربکەون.
 
ئەوەی جێگەی سەرنجە لە وەرزی ئەمساڵی خولی بالەی پێشکەوتووانی عێراقیشدا، هەریەک لە یانەکانی هەولێر و پێشمەرگەی سلێمانی، دوو تیپی کوردی دەبن لە رکابەرییەکان  و یارییەکانی وەرزی نوێی خولی نایابی عێراق.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە