بەهۆی مۆندیالەوە، بلاتەر هێرشدەکاتە سەر فیفا


رووداو دیجیتاڵ

سیپ بلاتەر، سەرۆکی پێشووی یەکێتیی تۆپی پێی نێودەوڵەتی، رەخنەی لە بڕیاری فیفا لەبارەی شێوازی بەڕێوەچوونی مۆندیالی 2030 گرت و هێرشی کردە سەر رێکخراوەکە.
 
بلاتەر کە ساڵانێکی بەرچاو سەرۆکی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکە بووە، رەخنەی لە بڕیاری فیفا بەدەستنیشانکردنی شەش وڵات لە سێ کیشوەری جیاواز بۆ بەڕێوەچوونی مۆندیال گرت.
 
کۆتایی هەفتەی رابردوو، یەکێتیی تۆپی پێی نێودەوڵەتی لەرێگەی جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی یەکێتییەکەوە رایگەیاند بەبۆنەی سەد ساڵە دەستپێکردنی مۆندیالەوە، لە مۆندیالی 2030دا سیستمێکی جیاوازی میوانداریکردن پەیڕەو دەکەن.
 
ئینفانتینۆ روونیکردەوە کە هەریەکە لە ئیسپانیا، پۆرتوگال و مەغریب مۆندیالی 2030 میوانداریی دەکەن و لەگەڵیاندا ئۆرۆگوای، ئەرجەنتین و پاراگوای، هەریەکەیان یەکەم یاریی خۆی لە مۆندیالەکە لەسەر خاکی خۆی ئەنجامدەدات.
 
بلاتەر کە لە 1998 تاوەکو 2015 سەرۆکی فیفا بووە و لە کۆتاییدا بەهۆی سکانداڵێکی گەندەڵییەوە ناچاربوو دەستلەکاربکێشێتەوە، بەهۆکاری جیاواز، رەخنەی لە بڕیارەکەی فیفا گرت.
 
بلاتەری 87 ساڵ دەڵێ، "بێمانایە شوناس و رەگەکانی پاڵەوانێتییەکە بەو شێوەیە تێکبدرێن".
 
هەروەها دەڵێ، "مۆندیال دەبێ رووداوێکی یەکگرتوو بێت، بەلەبەرچاوگرتنی بایەخ و شوناسی رووداوەکە و شێوازی رێکخستنی و لەبەرچاوگرتنی ئەوانەی تێیدا ئامادە دەبن".
 
سەرۆکەکەی پێشووی فیفا پێیباشە کە مۆندیالی 2030 لە ئەمریکای باشوور ئەنجام بدرێت، بەبۆنەی سەد ساڵەی دەستپێکردنی پاڵەوانێتییە جیهانییەکە کە یەکەمجار ئۆرگوای رێکیخست و نازناوەکەشی بەدەستهێنا.
 
بلاتەر گوتوویەتی، "لەبەر مێژوو، دەبوو مۆندیالی 2030 لە ئەمریکای باشوور ئەنجام بدرێت، نەک بەمشێوەیەی ئێستا".
 
بلاتەر جیا لە تۆمەتی گەندەڵیی جیاواز کە دواتر لێی بێبەریکرا، بەوەش تۆمەتبار دەکرێت لەلایەن میدیای ئەوروپییەوە کە هۆکاری سەرەکی پێدانی مافی میوانداریکردنی مۆندیالی 2022 بووە لەلایەن قەتەرەوە، کە بۆ یەکەمجاربوو لە زستاندا ئەنجام بدرێت و سیستمی مێژوویی پاڵەوانێتییەکەی تێدا گۆڕدرا.