بێلینگهام و ڤینیسیۆس: ئێمە یەکتری دەکوژین

08-10-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن ریال مەدرید جود بێلینگهام ڤینیسیۆس جونیۆر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە دوای یاریی نێوان ریال مەدرید و ئۆسەسۆنا کە دوێنێ شەممە ئەنجامدرا و تێیدا ریال مەدرید بەچوار گۆڵی بێبەرامبەر سەرکەوتنی بەدەستهێنا، ڤینیسیۆس و بێلینگهام بەیەکدییان گوتووە: ئێمە یەکتری دەکوژین.
 
میدیای ئیسپانیا، پێشتر ئاماژەیان بەوەدابوو کە ژووری جلگۆڕینی ریال مەدرید بەهۆی درەوشانەوەی جود بێلینگهامەوە ئیرەیی پێبردنی نێوان یاریزانان تێیدا سەریهەڵداوە.
 
بێلینگهام کە هاوینی ئەمساڵ پەیوەندی بە ریال مەدریدەوە کرد، تاوەکو ئێستا ئاستێکی ناوازە پێشکێشدەکات و لە هەشت یارییدا هەشت گۆڵی بۆ ریال مەدرید تۆمارکردووە. دوا گۆڵی لە یارییەکەی دوێنێدابوو بەرامبەر ئۆسەسۆنا.
 
سەرچاوەکان گوتبوویان، ئیرەیی لە نێوان یاریزاناندا دروستبووە، بەتایبەت لە پاش درەوشانەوەی بێلینگهام و بوونی بە ئایکۆنی سەرکەوتنی ئەمساڵی ریال مەدرید، لە کاتێکدا ڤینیسیۆس وەک وەرزی پێشوو ئاستی باش نییە و ماوەیەکیش بەهۆی پێکانەوە لە یانەکە دابڕا.
 
تۆڕی 'دیفێنسا سێنتراڵ' ئاشکرایکردووە بەپێچەوانەی ئەوەی پێشتر میدیاکان باسیانکردووە، ژووری جلگۆڕینی ریال مەدرید پەیوەندییەکی پتەو لە نێوان جود و ڤینی بەخۆوە دەبینێت.
 
لە یارییەکەی دوێنێدا، ڤینیسیۆس گۆڵی سێیەمی ریال مەدریدی تۆمارکرد و ئەوە دووەم گۆڵی ئەو هێرشبەرەیە لە وەرزی ئەمساڵی لالیگادا بۆ ریال مەدرید. جیا لەوەش لە یارییەکەی سێشەممەی پێشوودا بەرامبەر ناپۆلی ئیتاڵی لە چامپیۆنزلیگ، بێلینگهام ئەسیستێکی بۆ ڤینی کرد.
 
تۆڕەکە دەڵێ، لە یارییەکەی ئۆسەسۆنادا ئەو دوو ئەستێرەیە هاوئاهەنگی و پەیوەندییەکی پتەویان پێشانداوە و بەتایبەت پێکەوە لە دوای تۆمارکردنی گۆڵەکان، ئاهەنگیان گێڕاوە.
 
تۆڕەکە ئاشکرایکردووە، ئەو دوو یاریزانە پاشئەوەی راپۆرتی رۆژنامەکانیان بیستووەتەوە کە باس لە خراپی و ئیرەیی پەیوەندیی نێوانیان دەکات، لە ژووری جلگۆڕیندا جارێکی دیکە پێکەوە تەماشای گۆڵەکەی ڤینییان کردووەتەوە و بەدەنگی بەرز بەیەکدییان گوتووە، "براکەم ئێمە خەریکە یەکتری بکوژین.. وانییە؟".
 
ریال مەدرید بەهۆی بردنەوەی لە ئۆسەسۆنا جارێکی دیکە پێشەنگی خولی لالیگای وەرگرتەوە بە 24 خاڵ.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە