لێدوانی پیۆلی و ئالێگری لەبارەی یاریی لووتکەی سێریا ئەی

رووداو دیجیتاڵ

ئەمشەو کاژێر 19:00 بە کاتی باشووری کوردستان، لە یاریی لووتکەی گەڕی هەشتی سێریا ئەیدا، یوڤێنتوس لەسەر یاریگەی سان سیرۆ میوانداری دەبێتە میوانی میلان.
 
لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا، راهێنەرانی هەردوو یانە قسەیان بۆ رۆژنامەڤانان کرد و بۆچوونی خۆیان بەمشێوەیە لەسەر یارییەکە خستەڕوو:
 
ستیفانۆ پیۆلی، راهێنەری یانەی میلان:
 
بێگومان باشتربوو ئەگەر لە یاری پێشوودا ئاستێکی باشترمان پێشکەشکردبووایە، ئێمە بەهۆی زۆر هۆکارەوە بەپەرۆشین بۆ ئەم یارییە، بەڵام ئەگەر رکابەرەکەمان هەر کێ بووایە هەر بەپەرۆش دەبووین، دەزانین ئەو ئێوارەیە نەمانتوانی ئاستێکی باش بەرامبەر چێڵسی پێشکەش بکەین و هەموومان بەرپرسیارێتی دەگرینە ئەستۆ، کە بێگومان لە هەموو کەسێک زیاتر بەرپرسیارێتییەکە لەسەر منە، بۆیە ئێمە ئیرادە و خواست و پاڵنەرمان هەیە بۆ ئەوەی نیشان بدەین کە ئێمە تیپێکی جیاوازین لەوەی کە شەوی چوارشەممە یاریمان کرد
 
ئێمە دەزانین کە چ جیاوازییەکمان هەیە، گرنگەکە دووبارەی دەکەمەوە ئەوەیە کە ئێمە تیپێکین هێڵەکانی یاریکردنمان لە یەکدی نزیکە، گرنگترین شت بۆ ئەم یارییە ئەوەیە هەڵەی ئاسان نەکەین.
 
 
ماسیمیلیانۆ ئالێگری، راهێنەری یانەی یوڤێنتوس:
 
هەموو جارێک بە هەمانشێوە بۆ یاریکردن دەچینە ناو یارییەکەوە. ئێمە باسی یوڤێنتوس دەکەین کە بەرامبەر میلان یاری دەکات، رووبەڕووی پاڵەوانی ئیتاڵیا دەبینەوە، یاریی ئەمجارە قورستر دەبێت، چونکە ئەوان لە دۆڕاندنێکی قورسەوە هاتوون کە لە چامپیۆنزلیگدا بەرامبەر چێڵسی تووشی بوون، بۆیە هەوڵ دەدەن لە دەروازەی یارییەکەی ئەمجارە بگەڕێنەوە سەر رێگای راست.
 
گرنگترین شت ئەوەیە لە رووی ئەنجامەكانەوە بەردەوام بین، بەڵام دەبێت ئەنجامێكی باش بەدەستبهێنین، بۆ ئەوەی ئەو كارە بكەین پێویستە ئاستێكی نایاب پێشکەش بکەین، چونكە ئەوان تیپێكی بەهێزن. یاریزانی خێرایان هەیە، ئەوان رافایێل لیاویان هەیە کە دەتوانێت ئاراستەی یارییەکە بگۆڕێت، هەروەها لەبەردەم هاندەرانیاندا یاریدەکەن. کاتێک سان سیرۆ پڕ دەبێت پاڵنەرێکی زۆریان پێدەبەخشێت. بۆیە دەبێت زۆر وریا بین، دەبێت کەسایەتییەکی بەهێز نیشان بدەین، هەموو ئەوانەش یارییەکە دەکاتە تاقیکردنەوەیەکی باش بۆ ئێمە.