یارییەکانی خولی نایابی باسکەی کوردستان بەردەوامە

رووداو هەولێر 

یارییەکانی خولی نایابی کوردستان بەبردنەوەی یانەکانی سۆلاڤی نوێ و ئاسۆ دەستیپێکرد و ئەمڕۆ شەممە کێبرکێکانی گەڕی یەکەم بە یاری یانەی قەڵا و یانەی دەربەندیخان بەردەوامدەبێت.
 
لە وەرزی ئەمساڵی خولی نایابی باسکەی کوردستان 7 یانە بەشدارن و یارییەکانی بەشێوازی خول بەیەک قۆناخ بەڕێوەدەچن، لە دەستپێکی گەڕی یەکەمدا یانەی سۆلاڤی نوێ لە یانەی ئەکاد عەنکاوەی بردەوە بە ئەنجامی 63 خاڵ بەرامبەر بە 39 خاڵ، لە یارییەکی دیکەدا یانەی ئاسۆ بە ئەنجامی 93 خاڵ بەرامبەر بە 85 خاڵ لە یانەی هێرشی بردەوە. 
 
بەڕێوەچوونی یارییەکانی خولی نایابی باسکەی کوردستان لە کاتێکدایە 6 ساڵ چالاکییەکانی یاری باسکە لە کوردستان بوونی نەمابوو، بەشێوەیەک سەرۆک و ئەندامانی فیدراسیۆنەکە دەستیانلەکارکێشایەوە و دەستەیەکی نوێ بۆ فیدراسیۆنەکە. دەسنیشانکرا.
 
رەوەند دڵزار، سکرتێری فیدراسیۆنی باسکەی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند "ئێمە وەک دەستەی نوێی فیدراسیۆن هاتووین چالاکییەکانی یاری باسکە لە کوردستان زیندوو بکەینەوە، خۆشحاڵین گڕوتینێکی زۆر لە یاریزانان و تیپەکاندا دەبینین". 
 
بڕیارە بە یاری نێوان یانەی قەڵا و یانەی دەربەندیخان کە ئەمڕۆ شەممە کاژێر 15:00 لەنێو هۆڵی یانەی ئەکاد عەنکاوە بەڕێوەدەچێت کۆتایی بێت بەیارییەکانی گەڕی یەکەمی خولی نایابی باسکەی کوردستان، لەم گەڕەدا یانەی زاخۆ چاوەڕوان بوو.