لیڤاندۆڤسکی: بە 2 ساڵ هێندەی 10 ساڵ لە گواردیۆلا فێربووم

رووداو دیجیتاڵ

رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی، هێرشبەری پۆڵەندیی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، باسی ئەزموونی تاوەکو ئێستای لە یاریگای کامپ نو دەکات، دەشڵێت "بە 2 ساڵ هێندەی 10 ساڵ لە پێپ گواردیۆلا فێربووم".
 
لیڤا لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانی نوێدا، دووپاتیکردەوە کە دەتوانێت خۆی لەگەڵ هەموو شێواز و هەموو تاکتیکەکاندا بگونجێنیت و گوتی "من لەگەڵ هەر شێوازێکی یاریکردن و تاکتیکدا دەگونجێنم، ئەگەر پشت بە پاسی کورت یان درێژ ببەستین، هەروەها ئەگەر بمانەوێت کۆنترۆلی تۆپەکە بکەین یان پەنا ببەینە بەر هێرشی هەڵگەڕاوە".
 
روونیشیكرده‌وه‌، له‌ چامپیۆنزلیگدا به‌رامبه‌ر تیپه‌كانی ئیسپانیا یاریكردووه‌، دەزانێت کە كوالێتییان چۆنە، بەڵام ئه‌وه‌ نایترسێنێت.
 
هێرشبەری پۆڵەندی، باسی ئەزموونی خۆی لەگەڵ پێپ گواردیۆلاش کرد، کە لە بایرن میونشن راهێنەری بوو، گوتی "كاركردن له‌گه‌ڵ گواردیۆلا بۆ ماوه‌ی 2 ساڵ بۆ من وه‌ك 10 ساڵ بوو، زۆر شت له‌و فێربووم سه‌باره‌ت به‌ بارسێلۆنا و چۆنیه‌تی كاته‌كانی ئێره‌، به‌روونی لەو دەگەیشتم كه‌ باسی چی ده‌كات".
 
ئاماژەی بەوەشکرد، کارکردن لەگەڵ پێپ ئاسانکاری زۆری بۆ کردووە بۆ ئەوەی بە ئاسانی خۆی لەگەڵ تاکتیک و شێوازی یاریکردنی تیپەکە بگونجێنێت.
 
لە درێژەی قسەکانیدا، لیڤاندۆڤسکی لەبارەی گواردیۆلاوە، گوتی "پێپ بیرۆکەی منی بۆ تۆپی پێ گۆڕی، لەو فێربووم کە نەک تەنیا وەک یاریزانێکی تۆپی پێ سەیری ئەم وەرزشە بکەم، بەڵکو سەیری تاکتیکەکانیش بکەم، لە ناوەوە و دەرەوە لە شتەکان تێگەیشتم، فێربووم کە چ جووڵەیەک دەبێت باشتر ئەنجام بدرێت بۆ تیپەکە، نەک تەنیا بۆ من".
 
لیڤا لەبارەی بارسێلۆناشەوە، گوتی "زۆر خۆشحاڵ بووم کە زانیم یانەیەکی وەک بارسێلۆنا گرنگی بە من دەدات، من 8 ساڵ لە میونشن یارییم کردووە و هەموو شتێکم بردووتەوە، زۆر سوپاسگوزارم و ویستم هەنگاوێکی نوێ لە ژیانی وەرزشیمدا بنێم".
 
لە کۆتاییدا گوتیشی "کاتێک قسەم لەگەڵ ماتیۆ ئەلیمانی و لاپۆرتا کرد، تێگەیشتم کە ئەوان منیان دەوێت و هەموو هەوڵێکیان دەدەن بۆ ئەوەی ئەو کارە رووبدات، ئەمە ئەو هەنگاوە بوو کە وایلێکردم بزانم کاتی رۆشتنە، ویستم بەشداری لە پڕۆژەی بارسێلۆنادا بکەم و چێژ وەربگرم، چونکە پڕۆژەیەکە بۆ داهاتوو".