پاڵاوتنەکانی مۆندیال لە عێراق دەکرێن

08-10-2021
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن پاڵاوتنەکانی مۆندیال
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق رەزامەندیی فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهانی بەدەستهێنا، بۆ هەڵگرتنی ئابڵۆقەی وەرزشی لەسەر شاری بەسڕە بۆ ئەوەی عێراق یارییەکانی لەو شارە ئەنجامبدات.
 
رۆژی پێنجشەممە لەکاتی بەڕێوەچوونی یاریی عێراق و لوبنان، لە پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیالی 2022، عەدنان درجال، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق و وەزیری وەرزش و لاوان، لەگەڵ جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیفا کۆبووە بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەبارەی رێگەدان بە عێراق بکەن بۆ لەخۆگرتنی یارییە نێودەوڵەتییەکان.
 
بەپێی هەواڵی میدیای عێراق، درجال لە کۆبوونەوەکەدا داوای هەڵگرتنی ئابڵۆقەی سەر عێراقی کردووە و وەڵامی سەرۆکی فیفاش ئەرێنی بووە، بۆ ئەوەش شاندێکی فیفا سەردانی بەسڕە دەکات بۆ ئەوەی لە نزیکە هەڵسەنگاندن بۆ بارودۆخەکە بکات و فیفا راگەیێندراوێکی فەرمی لەبارەی هەڵگرتنی ئابڵۆقەی سەر بەسڕە دەردەکات.
 
دوای ئەم کۆبوونەوەش بڕیاردرا یاریی نێوان هەردوو هەڵبژاردەی سوریا و کۆریای باشوور، لە گەڕی پێنجەمی پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیالی قەتەر، لەسەر یاریگەی بەسڕە ئەنجامبدرێت، دوای ئەوەش عێراق ئەو یارییانەی لە پاڵاوتنەکاندا ماویەتی لەنێو خاکی خۆیدا ئەنجامبدات.
 
بەپێی زانیارییەکان عەدنان درجال، کاردەکات بۆ ئەوەی رەزامەندیی فیفا بەدەستبهێنێت، بۆ ئەوەی لە یاریی سوریا و کۆریای باشووردا هاندەرانیش بتوانن لە یاریگەدا ئامادەبن.
 
عێراق بەهۆی خراپیی بارودۆخی ئەمنییەوە ماوەیەکی زۆرە یارییەکانی لە خاکی خۆیدا ئەنجامنادات، لە قۆناخی رابردووی پاڵاوتنەکاندا یارییەکانی لە ئوردن دەکرد، بۆ قۆناخی کۆتاییش یارییەکانی لە قەتەر ئەنجامدەدات، بەڵام دوای هەڵگرتنی ئابڵۆقەکە هەڵبژاردەکە یارییەکانی لە بەسڕە ئەنجامدەدات.
 
عێراق تاوەکو ئێستا سێ یاریی لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالدا لە قۆناخی کۆتایی ئەنجامداوە، لە دوو یارییدا یەکسانبووە و یارییەکیشی دۆڕاندووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە