ئایا نیوکاسڵ دەبێتە مان سیتییەکی دیکە لە پرێمەرلیگ؟

08-10-2021
سه‌فین ته‌ها @safintaha
A+ A-

سەفین تەها 

لە کۆتاییدا دوای ماراسۆنێكی درێژخایەن کە ماوەکەی 18 مانگ بوو، سندووقی وەبەرهێنانی سعودی بووە خاوەنی یانەی نیوکاسڵی ئینگلیزی، هاندەرانی ماگپایس لە ساڵی پارەوە ئاهەنگ بەم بۆنەیەوە دەگێڕن بەڵام ئێوارەی رۆژی پێنچشەممە بەفەرمی ئەوە راگەیێندرا کە سعودییەکان ئیدی خاوەنی بەشی زۆری یانەکەن.
 
ئەم بابەتە بۆ ئەوەندە گرنگی پێدەدرێت؟ 
 
گواستنەوەی موڵکییەتی یانەیەک بەتایبەت لە ئینگلتەرا قورسە، پێویستی بە دانوستاندن و کۆششی زۆرە، ئاخر لە پرێمەرلیگ یاساکان زۆر و تووندن، بۆ نموونە ئەو کاتەی سعودییەکان ویستیان یانەی نیوکاسڵ بکڕنەوە، دەستەی بەڕێوەبەرایەتیی پرێمەرلیگ بە دوو دێڕ پێی گوتن "ئەگەر دەتانەوێ ئەم کارە بکەن، دەبێت کێشەی بی ئین سپۆرتس چارەسەربکەن، قەرەبوویان بدەنەوە" هەروەها باسیشیان لەوەکرد کە "سعودییەکان بۆیان نییە باڵادەستیی رەها بەسەر یانەکەدا بسەپێنن و دەبێت پشکی سێ کۆمپانیای دیکە کە پێشتر لە یانەکەدا بوون بمێنێت".
 
بن سەلمان ئەو کارەی کرد، پەیوەندییەکانی لەگەڵ قەتەر ئاساییکردەوە، رێگەی بە کارکردنی بی ئین سپۆرتس لە سعودییەدا و بڕی یەک ملیار دۆلاریشی وەک قەرەبوو بەخشییە ئەو کەناڵە کە ماوەی نزیکەی چوار ساڵ نەیانهێشتبوو لە سەرانسەری سعودیە کاربکەن و کۆمەڵێک کەناڵیان بەناوی "بی ئاوت کیو" دروستکردبوو کە " دزییان" لە بی ئین سپۆرتس دەکرد، سەلمان هەموو ئەمانەی چارەسەرکرد.
 
لەگەڵ ئەوەشدا دڵنیایی ئەوەشیاندا کە ئەوان نابنە حاکمی رەهای یانەکە و 80٪ـی پشکەکانی یانەی نیوکاسڵ دەکڕنەوە و 10٪ـی پشکەکان بۆ ئاماندا ستافیلیی خانمە بزنسوۆمان دەبێت، 10٪ـی پشکی یانەکەش بۆ دەیڤد و سیمۆن ریوبن کە دوو برای بزنسمانی بەریتانین دەبێت.
 
ئەوەندەی کە گرنگیی بەم بابەتەشدرا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە خەڵک و هاندەرانی یانەی نیوکاسڵ چاوەڕێی ئەوەن یانەکەیان ببێتە مان سیتییەکی دیکە، یانیش وەک پاریسێکی دیکە لە ئەوروپا ببێتە زلهێز، چونکە سەروەتی محەممەد بن سەلمانی جێنشینی سعودییە بە 320 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت، ئەمە جیا لەوەی کە مافی کڕینەوەی یانەکە 300 ملیۆن پاوەند بوو کە لەلایەن سندووقی وەبەرهێنانی سعودییەوە دابینکرا.
 
ئایا نیوکاسڵ دەبێتە مان سیتییەکی دیکە لە پرێمەرلیگ؟ 
 
لە پارەوە لە سۆشیال میدیا شتی سەیر دەبینم، "پێکهاتەی ساڵی داهاتووی یانەی نیوکاسڵ"، کێی تێدایە؟ ئێمباپێ، هالاند، پۆگبا و فڵان و فڵان، کە کۆیان بکەیتەوە نرخ و مووچەی ئەو یاریزانانە زیاتر لە 2 ملیار پاوەند دەکات، ئەمەش لە ماوەی ساڵێکدا نەک خەونە، قسەی بێمانایە. 
 
با بەخێرایی شرۆڤەیەک بکەم بۆ ئەوەی روونتربێت، ئەگەر تۆ بەنیازی نیوکاسڵ لە ماوەی ساڵێک یان دوو ساڵدا ببێتە مان سیتییەکی نوێ، یان ببێتە نیو پاریسان جێرمان، ئەوا زۆر هەڵەی، بۆچی؟ 
 
- چونکە ئەوکاتەی مان سیتی لەلایەن ئیماراتییەکانەوە و پاریس لەلایەن قەتەرییەکانەوە کڕدران، هیچ یاسایەک بەناوی یاسای یاریی خاوێنەوە نەبوو، ئەسڵەن یۆفا بەدیاریکراوی ئەم یاسایەی بۆ ئەوە دەرکرد کە رێگری لە پاریس و مان ستی بکات کە تۆپی پێ قۆرخ نەکەن، یانیش یانەی دیکە لەو شێوەیە دروست نەبێت، بە کورتی یاساکە دەڵێت " خەرجی و داهات دەبێت یەکسانبن" واتا نیوکاسڵ ئەگەر ساڵی داهاتوو 300 ملیۆن یۆرۆ خەرج بکات، دەبێت 300 ملیۆنیش قازانج بکات، ئەمەش ئەستەمە.
 
- بەبڕوای من ئەگەر کاری زۆر جددی لە یانەکەدا بکرێت، لە ماوەی سێ بۆ پێنج ساڵی داهاتوودا ئەگەری هەیە بگاتە ئاستی یانەی تۆتێنهام، ئینجا بۆ 7 تا 10 ساڵی دیکە ئەگەر بتوانێت لە ئاست یانەی وەک مان سیتی و یونایتد و لیڤەرپوول رکابەری بکات، واتا ئەم ئاهەنگگێڕآنەی ئێستا بۆ داهاتوویێکی دوورە.
 
- سعودییەکان ئەمە جاری یەکەم نییە کە یانەیەک لە پرێمەرلیگ دەکڕنەوە، بیرمان نەچێت یانەی شیفڵد یونایتدیش لەلایەن ئەمیر عەبدوڵڵا بن مساعدەوە خاوەندارێتی دەکرێت بەڵام ئایا بەڕاست شیفڵد بۆ نەبووەتە مان سیتی؟ 
 
- هەر لێرەدا وەڵامی ئەمەی سەرەوە دەدەمەوە، چونکە هۆکارەکەی ئەوەیە کە ئەمجارە حاکمی رەهای سعودییە بۆ رکابەریکردن و نمایشکردنی ماسوولەکەکانی خۆی بەرامبەر دەسەڵاتەکانی یەکەم لە قەتەر و ئیمارات، دەیەوێ هێزی پارەی سعودیە نمایشبکات، یەک شت زۆر زۆر گرنگە، ئەوەی یانەی نیوکاسڵی کڕیوەتەوە چاوی لەوە نییە کە چەند قازانج دەکات، چاوی لەوەیە کە چی بەدەستدەهێنێت و چۆن ناوەکەی دەبێتە براندێکی جیهانی لە وەرزشدا وەک شێخ مەنسوور و ناسر خلێفی.
 
چەند هۆکاری دیکە هەن بۆ ئەوەی پاڵپشتی لە بیرۆکەکانی بن سەلمان بکات، ئەویش دیاریکردنی یانەی نیوکاسڵە، چۆن؟ 
 
- نیوکاسڵ تاکە یانەیە لە شاری نیوکاسڵ، واتا شارەکە بەسەر دوو یان سێ جەمسەردا دابەش نەبووە، هەموو دانیشتووانی ئەم شارە رەش و سپی دەپۆشن.

 

- خاوەنی یاریگەی تایبەت بەخۆیەتی کە سان جەیمس پارکە و 52 هەزار کەس دەگرێت.

 

- یانەی نیوکاسڵ مێژووەکەی زۆر لە پاریس و مان سیتی گەورەترە، خاوەنی چوار پرێمەرلیگ و شەش نازناوی جامە، خاوەنی ئەفسانەی گەورەی وەک ئالان شیرەر و مایکل ئۆینە.

 

- داهاتی ساڵانەی تەنیا بۆ مانەوەی لە پرێمەرلیگ 117 ملیۆن پاوەندە کە 13ـیەمی پرێمەرلیگ بوو.

 

- سەیری ئەمە بکەن، نیوکاسڵ سێزدەیەمی پرێمەرلیگ بوو، کەچی لە رووی داهاتەوە لەسەر ئاستی جیهان لە پلەی 19 بوو کە لەپێش یانەی زۆر گەورەی ئەوروپاوە دێت.

 

- یاسر ئەلرومەییان بەڕێوەبەری یانەکە دەبێت، ئەم پیاوە بزنسمانێکی سعودییە، بەڕێوەبەری سندوقی وەربهێنانی سعودی و بەڕێوەبەری کۆمپانیای ئارامکۆی سعودییە کە کۆمپانیای وەبەرهێنانی نەوتە و لە جیهانی ئابووریدا بەنێوبانگە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە