پاڵاوتنی مۆندیال.. یەکەم دەرکەوتنی ئەرجەنتین و مێسی


رووداو دیجیتاڵ

بەرەبەیانی رۆژی هەینی رکابەریی پاڵاوتنەکانی کیشوەری ئەمریکای باشوور بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2022 دەستپێدەکات و هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بەرامبەر ئیکوادۆر یارییدەکات.

لە یارییەکی بەهێزدا کە کاژێر 1:45 بەڕێوەدەچێت، هەڵبژاردەی ئۆرۆگوای بەسەرکردایەتی لویس سوارێز، بەرامبەر هەڵبژاردەی چیلی یارییدەکات، کە یارییەکە لە یاریگەی سینتیناریۆ لە مۆنتیڤیدیۆی پایتەختی ئۆرۆگوای دەکرێت.

لە یاریی یەکەمی هەڵبژاردەکەدا، ئیدینسۆن کاڤانی، هێرشبەری نوێی یانەی مانچێستەر یونایتد یاریی ناکات.

کاژێر 2:30 یاریی نێوان هەردوو هەڵبژاردەی پاراگوای و پیرو دەکرێت.

لە یەکەم دەرکەوتنیشیدا، هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بە سەرکردایەتی لیۆنێل مێسی، میوانداری هەڵبژاردەی ئیکوادۆر دەکات.

ئەم یارییە کاژێر 3:10 لەسەر یاریگەی لابۆمبۆنێرا بەڕێوەدەچێت، مێسی و ئەستێرەکانی تانگۆ چەند رۆژێک لەمەوبەر پەیوەندییان بە ریزەکانی هەڵبژاردەکەوە کردووە و بەتەواوی بۆ یارییەکە ئامادەن و چاویان لە بردنەوەی یەکەم سێ خاڵە لە دەستپێکی پاڵاوتنەکاندا.

لە ریزەکانی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین، ئەلیخاندرۆ گۆمێز، ئەستێرەی یانەی ئاتالانتای ئیتالی بۆ یەکەمجار بۆ هەڵبژاردەکە بانگهێشتکراوە، هەریەکە لە سێرجیۆ ئەگوێرۆ و جیۆڤانی لۆ سێلسۆش بەهۆی پێکانەوە بانگهێشتی هەڵبژاردەکە نەکراون.