مێسی پەیامێک بۆ ئەرجەنتینییەکان دەنێرێت

08-10-2020
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن لیۆنێل مێسی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین
A+ A-

رووداو دیجیتال

بەر لە یاری هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لەگەڵ ئیکوادۆر، لە پاڵاوتنەکانی ئەمریکای باشوور بۆ مۆندیالی 2022ـی قەتەر، لیۆنێل مێسی کاپتنی تانگۆ پەیامێکی بۆ جەماوەری ئەرجەنتین نارد و بۆیانی دووپاتکردەوە کە ئەرجەنتین واتا تۆپی پێ.

بەرەبەیانی سبەی هەینی، کاژێر 03:10 بە کاتی باشووری کوردستان، هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لە یەکەم یاری خۆیدا لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2022ـی قەتەر، میوانداری هەڵبژاردەی ئیکوادۆر دەکات، کە هاندەرانی ئەرجەنتین هیوایان بە مێسییە سەرکردایەتی هەڵبژاردەکەیان بکات بۆ سەرکەوتن.

لیۆنێل مێسی، لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی "ئەرجەنتین هەمیشە هاوواتای تۆپی پێ بووە، هاوواتای هاندانە لەسەر پەیجەکانی یاریگە، لەبەرئەوە وەستانی تۆپی پێ بەشێوەیەکی کاتی زۆر سەختە، رێک وەک ئەوە وایە کاتێک منداڵ بی و پێتبڵێن ماوەیەک واز لە تۆپ بێنە و لە ماڵەوە بمێنەوە".

لیۆنێل هەروەها گوتی "هەموو شتێکم لێوەربگرەوە، بەڵام ئەگەر توانیت تۆپی پێم بۆ بهێڵەوە، چونکە تۆپی پێ واتە هیوا، تۆپی پێ دڵخۆشی و ئاسوودەییە، بەهۆی تۆپی پێ دەتوانین پێکەوە ئاهەنگ بگێڕین".

کاپتنی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لە کۆتایی قسەکانیدا، گوتیشی "ئەگەر پێویست بێت وەک ئەرجەنتینییەک قسەیەک بکەم، ئەوەیە کە ئێمەی ئەرجەنتینی هەمیشە لە تواناماندایە هەستینەوە و بەهێزتر بگەڕێینەوە، ئێستاش کاتی گەڕانەوەیە، ئێمە ئامادەین بۆ ئەوەی جارێکی دیکە دەست بە تۆپی پێ بکەینەوە".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە