سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیتاڵیا بۆ ماوەی شەش مانگ سزا درا


کارلۆ تاڤیکیۆی سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیتاڵیا بە راگرتن بۆ ماوەی شەش مانگ لە کارەکەی سزا درا، بەهۆی بەکارهێنانی دروشمی رەگەزپەرستانە لەکاتی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی فیدراسیۆنەکە.

فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا تاڤیکیۆی بۆ شەش مانگ لە کارەکەی راگرت، دوای ئەوەی تۆمەتباری کرد بە گوتنی قسەی رەگەزپەرستانە لە کاتی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردندا.

تاڤیکیۆی تەمەن 71 ساڵ، لە ماوەی پروپاگەندەی هەڵبژاردنەکاندا لە یۆلیۆی رابردوودا مشتومڕێکی زۆری نایەوە، کاتێک یاریزانە بیانییەکانی بە مۆزخۆر ناوبرد و دواتر لە قسەکانی خۆی پەشیمان بووەوە و داوای لێبوردنی کرد.

بەو سزایە تاڤیکیۆ تا شەش مانگی دیکە لە هەموو چالاکییەکی ئەوروپییانەی خۆی لە چوارچێوەی یوێفا بێبەش دەکرێت و ناتوانێ بەشداری کۆنگرەی ساڵانەی فیدراسیۆنەکە بکات، کە لە مارسی 2015 دەبەسترێت.

سزاکە هەروەها بەسەر تاڤیکیۆیدا سەپاندووە، کە لە ناو ئیتاڵیادا بۆنەیەکی تایبەت رێکبخات بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک دژ بە رەگەزپەرستی.