نەگووتنەوەی سروودی نیشتیمانی لەلایەن راهێنەری ئینگلتەراوە هەرا دەنێتەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
دیاری حەسەن
نیشانەکردن لی کارسلی
A+ A-
 

رووداو دیجیتاڵ

دوێنێ شەممە هەردوو هەڵبژاردەی کۆماری ئێرلەندا و ئینگلتەرا رووبەڕووی یەکبوونەوە، لی کارسلی راهێنەری هەڵبژادەی ئینگلتەرا سروودی نیشتیمانی وڵاتەکەی نەگووتەوە، ئەمەش هەرای نایەوە.
 
دوای گەیشتنی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا بە یاریی کۆتایی یۆرۆی 2024 و دۆڕانی بەرامبەر ئیسپانیا، گاریس ساوزگەیت، راهێنەری هەڵبژاردەکە، وازهێنانی خۆی لە ئەرکی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا هێنا.
 
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئینگلتەرا، لی کارسلی، وەک راهێنەری کاتی بۆ هەڵبژاردەکە دیاریکرد تا ئەو کاتەی راهێنەرێکی هەمیشەیی بۆ هەڵبژاردەکە دەبیننەوە.
 
لی کارسلی، تەمەنی 50 ساڵە و یاریزانی نێودەوڵەتی ئێرلەندا بووە، لە نێوان ساڵانی 2020-2024 راهێنەری هەڵبژاردەی لاوانی ئینگلتەرا بووە، ئێستا راهێنەری کاتی هەڵبژاردەی یەکەمی ئینگلتەرایە.
 
رۆژی شەممەی رابردوو، لە شاری دەبلن، پایتەختی کۆماری ئێرلەندا، هەڵبژاردەی ئینگلتەرا و ئێرلەندا رووبەڕووی یەکبوونەوە، لەو یارییەدا ئینگلتەرا بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر لە ئێرلەندای بردەوە.
 
هەریەک لە دێکلان رایس و جاک گریلیش، گۆڵەکانی هەڵبژاردەی ئینگلتەرایان تۆمارکرد، ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە ئەو دوو یاریزانە پێشتر یاریزانی هەڵبژاردەی لاوانی ئێرلەندا بوون، بەڵام لەسەر ئاستی هەڵبژاردەی یەکەم، بڕیاریاندا یاری بۆ هەڵبژاردەی ئینگلتەرا بکەن.
 
هاندەران بە فیکەی ناڕەزایی و دروشمی جیاواز هێرشیان کردە سەر ئەو دوو یاریزانە، گرنگترین بانەر کە لە یارییەکە بەدیکرا تێیدا نووسرابوو "مارەکان گەڕانەوە" وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو یاریزانانەی بە رەچەڵەک ئێرلەندین و یاری بۆ ئینگلتەرا دەکەن.
 
لی کارسلی راهێنەری ئێرلەندیی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا، رایگەیاند کە ئەو نایەوێت سروودی نیشتیمانی بڵێتەوە، بەڵام هۆکارەکەی پەیوەندی بە سیاسەتەوە نییە، ئەو روونیکردەوە و گوتی "من راهاتووم لەو کاتەی پێش یارییەکان بیر لە تەکتیک و چۆنییەتی راگرتنی تیپی بەرامبەر بکەمەوە، رێزم هەیە بۆ سروودی نیشتیمانی هەردوو وڵات و مەبەستم هیچ بێڕێزییەک نەبووە".
 
ئەم رەفتارەی راهێنەرە ئینگلیزییەکە کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە، بەشێک لە هاندەرانی ئینگلتەرا داوا دەکەن راهێنەرەکە لە کارەکەی لابدرێت و ئەو کارەی بە بێڕێزیکردن لە قەڵەم دەدەن.
 
کۆماری ئێرلەندا و بەریتانیا جەنگێکی دوور و درێژیان لەنێواندا بووە، گرژی و ناکۆکی ئەو دوو وڵاتە تاوەکو کۆتاییەکانی 1998 بەردەوام بووە، ئەوە کاریگەری بەردەوامی لەسەر یارییە وەرزشییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە هەبووە و هەردەم یارییەکانی نێوانیان گرژی زۆری لێدەکەوێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە