کەریم بنزیما لە مەککە عومرەی بەجێگەیاند

رووداو دیجیتاڵ

کەریم بنزیمای ئەستێرەی فەرەنسی، یاریزانی یانەی ئیتیحادی سعودیە، بڕیاریدا ئەو پشوویەی کە بەهۆی هەفتەی فیفاوە لە یانەکەی وەریگرتووە بقۆزێتەوە بۆ ئەنجامدانی عومرەیەک لە شاری مەککەی پیرۆز.
 
زۆر لە بەکارهێنەرانی سۆشیاڵ میدیا گرتەیەکی ڤیدیۆیی بنزیمایان بڵاوکردووەتەوە لە کاتێکدا لە کەعبەی پیرۆز لە شاری مەککە سەرقاڵی ئەنجامدانی عومرەیە.
 
ئەمە یەکەمجار نییە یاریزانی فەرەنسی بەڕەچەڵەک جەزائیری سەردانی کەعبەی پیرۆز بکات، بەو پێیەی ساڵی رابردوو لە هەمان کاتدا عومرەی کرد.
 
بنزیما لە هاوینی 2023 پەیوەندی بە یانەی ئیتیحادەوە کرد و گرێبەستەکەی تاوەکو ساڵی 2026 بەردەوامە، ئەمەش لە چوارچێوەی پڕۆژەی پەرەپێدانی تۆپی پێی ئەو وڵاتە لە رێگەی پەڵکێشکردنی ئەستێرەکانی تۆپی پێی نێودەوڵەتی بۆ خولی سعودیە.
 
کەریم بنزیما، گرێکوێرەی گۆڵکردنی لە خولی سعودیە شکاند، دوای ئەوەی گۆڵی بەرامبەری بۆ ئیتیحاد لە بەرامبەر تەعاون تۆمارکرد، کە لە دوایین گەڕدا بە پاژنەی پێی گۆڵی تۆمارکرد، خەڵاتی جوانترین گۆڵی گەڕەکەی وەرگرت.
 
ئەمە یەکەم گۆڵە کە بنزیما لە خولی سعودیە تۆماریکردبێت لە دوای یارییەکەی خەلیج لە گەڕی 15ـی وەرزی رابردوو.
 
یانەی ئیتیحاد یارییەکانی لە خولی سعودیە دەستپێدەکاتەوە، کاتێک رووبەڕووی یانەی وەحدە دەبێتەوە، لە 15ـی ئەم مانگە، لە گەڕی سێیەمی رکابەرییەکانی خولی رۆشن.
 
بنزیما وەرزی رابردوو لە 29 یاری لەگەڵ یانەی ئیتیحاد بەشداری کرد و 13 گۆڵی تۆمارکرد و 8 ئەسیستیشی هەبوو.