ئەمشەو رۆناڵدۆ بەرەو گۆڵی هەزار هەنگاو دەنێت

 
رووداو دیجیتاڵ

هەڵبژاردەی پۆرتوگال بۆ تۆمارکردنی دووەم بردنەوەی لەسەریەک لە رکابەرییەکانی نەیشنسلیگدا یاری دەکات و ئەمشەو رووبەڕووی سکۆتلاند دەبێتەوە.
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، دوای گەیشتنی بە 900 گۆڵ لە یاریی رابردوودا بەرامبەر کرواتیا، ئامادەیە بۆ ئەوەی سەرکردایەتیی بردنەوەی یارییەکی دیکە بکات لەگەڵ هەڵبژاردەکەی بەر لەوەی بۆ یارییەکانی داهاتووی لەسەر ئاستی یانەکان بگەڕێتەوە سعودیە.
 
ئەمشەو کاژێر 21:45 لە یاریگەی دالوشی تایبەت بە یانەی بێنفیکا، لە گەڕی دووەمی رکابەرییەکانی قۆناخی کۆمەڵەکاندا، پۆرتوگال میوانداریی سکۆتلاند دەکات.
 
لە یاریی رابردوودا، پۆرتوگال بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک سەرکەوتنی بەرامبەر کرواتیا بەدەستهێنا، سکۆتلاند لە یاریگەی خۆیدا بەرامبەر پۆڵەندا دۆڕاوە.
 
هەردوو هەڵبژاردە 11 یارییان بەرامبەر یەکدی کردووە، پۆرتوگال 6 سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و لە 1980ـەوە هیچ یارییەکی بەرامبەر هەڵبژاردەی سکۆتلاند نەدۆڕاندووە.
 
رۆبێرتۆ مارتینێز، راهێنەری هەڵبژاردەی پۆرتوگال لەبارەی رۆناڵدۆوە دەڵێت "نا، پێموانییە کەس بتوانێت بڵێت کریستیانۆ ناتوانێت هیچ بکات، چونکە ئەوەی ئەو لە تۆپی پێدا دەیکات باوەڕپێنەکراوە، بەڵام بۆ ئێمە ئامانجەکە بە کۆمەڵە، کریستیانۆ دەتوانێت هاوکاریی هەڵبژاردەی نیشتمانی بکات، بۆ منیش تەنیا پەیوەندی بە گۆڵەوە نییە، ئەو گۆڵ دروست دەکات و پاسی یەکلاکەرەوە دەدات، ئەمەش زۆر گرنگە، بۆیە ئەگەر بتوانێت 100 ئاسیستی دیکە بکات، من زۆر دڵخۆش دەبم."
 
مارتینێز، لەبارەی هەڵبژاردەی سکۆتلاندەوە گوتی "بەدڵنیاییەوە تێگەیشتنێک هەیە کە ئەوان چی دەهێننە یارییەکە، بێگومان ئێمە بەشێکی یاریزانەکانیان دەناسین، بەسادەیی توانای جەستەیی و کوالێتی یارییکردنیان دەزانین کە بەدڵنیاییەوە ئاسان نابێت، دەبێت لە ئاستێکی زۆرباشدابین بۆ ئەوەی بتوانین سێ خاڵی یارییەکە ببەنەوە، بەڵام بەدڵنیاییەوە دەزانین ئێمە بەرامبەر تیپێکی بەهێز یاری دەکەین."