ڤیدیۆ؛ رووداو هەردوو یانەی ئامەدسپۆر و زاخۆ لە یەک نزیکدەکاتەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
ئامەدسپۆر و زاخۆ
ئامەدسپۆر و زاخۆ
نیشانەکردن یانەی ئامەدسپۆر یانەی زاخۆ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بە دەستپێشخەریی تۆڕی میدیایی رووداو، هەردوو یانەی زاخۆ و ئامەدسپۆر پەیوەندی بە یەکدییەوە دەکەن و هاوئاهەنگی دەکەن بۆ ئەوەی لە ماوەی داهاتوودا یارییەکی دۆستانە لەنێوان هەردوو یانەدا ئەنجامبدرێت.
 
راوین ستێرک، پەیامنێری رووداو لە ئیستەنبووڵ رایگەیاند، بە دەستپێشخەریی رووداو، کارگێڕیی هەردوو یانە لەسەر ئاستی باڵا پەیوەندییان بە یەکدییەوە کردووە و سەرۆکی یانەی ئامەدسپۆر عەزیز ئالالدێ، دڵخۆشیی خۆی بە بەستنی پەیوەندی لەگەڵ یانەی زاخۆ پێشانداوە و ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ هەر هاوئاهەنگییەک کە لەنێوان هەردوو یانەدا بکرێت.
 
دوای دروستبوونی پەیوەندی نێوان هەردوولا گفتوگۆی زارەکی و سەرەتایی لەبارەی ئەنجامدانی یارییەکی دۆستانە لەنێوان هەردوو یانەدا کراوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی کەمپی مەشقەکانی یانەی زاخۆ لە تورکیا بەرەو کۆتایی دەچێت و ئامەدسپۆریش لە خولی پلە یەکی تورکیا یاریی هەیە، ئەگەری هەیە یارییەکە لە ماوەی داهاتوودا بکرێت.
 
رۆژی شەممەی داهاتوو یانەی ئامەدسپۆر بەرامبەر یانەی باندرمەسپۆر یاری دەکات، بەپێی زانیارییەکانی رووداو، بەشێکی کارگێڕیی یانەی زاخۆ لەو یارییەدا ئامادەدەبن بۆ ئەوەی زیاتر لەگەڵ کارگێڕیی یانەی ئامەدسپۆر لە یەکدی نزیکببنەوە.
 
یانەی زاخۆ لە تورکیا خۆی بۆ وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراق ئامادەدەکات و دەیەوێت لە وەرزی نوێدا رکابەری لەسەر بەدەستهێنانی ئەنجامی باشتر بکات لە وەرزەکانی رابردوو.
 
یانەکە چەند رۆژێک لەمەوبەر چووەتە شاری ساکاریای تورکیا، کەمپێکی مەشق و راهێنانی لەوێ کردووەتەوە و بەشی زۆری یاریزانەکانی تیپەکە ئامادەن، تەنیا ئەو یاریزانانە نەبن کە پەیوەندییان بە هەڵبژاردەکانیانەوە کردووە بۆ ئەنجامدانی یارییە نێودەوڵەتییەکان، لەوانەش ئەمجەد عەتوان و عەلی کازم لە هەڵبژاردەی عێراق، محەممەد ئەبو حەشیش لە هەڵبژاردەی ئوردن و محەممەد ئەسوەد لەگەڵ هەڵبژاردەی سوریا.
 
تیپەکە لەژێر سەرپەرشتی تەڵاڵ بلووشی، رۆژانە دوو یەکەی مەشقی لە تورکیا ئەنجامدەدات، بەیانیان لەنێو هۆڵی لەشجوانی و ئێوارەش لە یاریگەدا درێژە بە خۆ ئامادەکردنیان دەدەن.
 
شڤان جەمیل، ئەستێرەی کوردی یانەی زاخۆ بە رووداوی گوت "کەمپی مەشقەکانمان بەشێوەیەکی زۆرباش بەڕێوەدەچێت، بەڵێن دەدەین بە هاندەرانی یانەکەمان لە وەرزی نوێدا ژمارەیەکی قورس بین و هەموو هەوڵێکمان دەدەین بۆ ئەوەی بەباشترین ئاستەوە دەربکەوین و ئەنجامی زۆرباشمان هەبێت."
 
تاوەکو ئێستا زاخۆ دوو یاریی دۆستانەی لە تورکیا ئەنجامداوە و بەرامبەر مەولودییەی جەزائیری دۆڕاوە و بە 7-1 لە یانەی ئەرسەلانبێی تورکیی بردووەتەوە و ئەمڕۆ لە سێیەم یاریی دۆستانەدا بەرامبەر یانەی پاموکوڤاسپۆر یاری دەکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە