بەهۆی ساختەکاری، هەڵبژاردەی عێراق بە ئەنجامی 3-0 وەک دۆڕاو هەژمارکرا



رووداو دیجیتاڵ
فیدراسیۆنی تۆپی پێی رۆژئاوای ئاسیا بڕیاریدا هەڵبژاردەی تازەپێگەیشتووانی عێراق بە دۆڕاو هەژماربکات و کەمتر لە کاژێرێکی پێداوە بۆ جێهێشتنی شوێنی مانەوەی لە ئوردن.
 
هەڵبژاردەی تازەپێگەیشتووەکانی عێراق توانی لە قۆناخی کۆمەڵەکانی جامی رۆژئاوای ئاسیای خوار 17 ساڵ، بە کۆکردنەوەی 4 خاڵ دوای یەکسانبوونی لەگەڵ هەڵبژاردەی لوبنان و سەرکەوتن بەسەر هەڵبژاردەی ئوردن وەک یەکەمی کۆمەڵەکەی بگاتە قۆناخی پێش کۆتایی پاڵەوانێتییەکە.
 
بەڵام لیژنەی رێکخەری پاڵەوانێتییەکە بڕیاریدا هەڵبژاردەی عێراق لە هەردوو یارییەکەیدا وەک دۆڕاو بە ئەنجامی 3-0 هەژمار بکات، بەهۆی ئەوەی یاریزان "ئەحمەد عەلی عەبدوڵا" لە سەروو تەمەنی رێپێدراوی پاڵەوانێتییەکەیە.
 
راستەوخۆ دوای ئەو بڕیارە، لیژنەی رێکخەر داوای لە هەڵبژاردەی عێراق کردووە لە کەمتر لە کاژێرێک شوێنی مانەوەی خۆیان چۆڵ بکەن و بەرەو فرۆکەخانە بڕۆن، لە کاتێکدا رێگەیان داوە هەڵبژاردەی لوبنان و عومان بۆ ماوەی زیاتر لە دوو رۆژ دوای کرانە دەرەوەیان بمێننەوە.
 
یەکێتیی تۆپی پێی عێراق ئەوەیان روونکردەوە کە تووشی سەرسوڕمان بوون لەو بڕیارە و بڕیاریان داوە سەرجەم چالاکییەکانیان لەگەڵ فیدراسیۆنی تۆپی پێی رۆژئاوای ئاسیا رابگرن، لەسەر تەمەنی راستەقینەی یاریزانەکەش رایانگەیاند "ئێمە ئامادەین بەرگری لەخۆمان بکەین لەپێش هەردوو فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێڕاق و فیفا و بەڵگەی پێویست بخەینەڕوو کە یاریزانەکەمان هیچ کێشەیەکی نەبووە"
زیاد دەکات و دەڵێت "داوامان کردووە پشکنین بۆ یاریزانەکانی سەرجەم تیپەکانی پاڵەوانێتییەکە بکرێت بۆ ئەوەی راستی و دروستی بابەتەکە دەرکەوێت"
 
ئەمە لە کاتێکدایە لە هەمان پاڵەوانێتیدا، لیژنەی رێکخەر بڕیاریدابوو بە راگرتنی دوو یاریزانی یەمەنی پێش یاریی هەڵبژاردەکەیان بەرامبەر سعودیە، بەڵام دواتر روونی کردەوە کە بڕیارەکە هەڵە بووە و دوای پشکنینی پزیشکی دەرکەوتووە یاریزانەکان تەمەنیان رێپێدراوە.
 
پێشتر لە راگەیەندراوێکدا فیدراسیۆنی رۆژئاوایی ئاسیا ئەوەی روونکردەوە کە سەرجەم یاریزانە بەشداربووەکان پێش دەستپێکی پاڵەوانێتییەکە پشکنیان بۆ ئەنجامدراوە.