هەواڵە دڵخۆشەکەرەکە گەیشتە بارسێلۆنا

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن دانی ئۆلمۆ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەم بەیانییە هەواڵێکی خۆش گەیشتە بارسێلۆنا، کە تایبەتە بە پێکانی یەکێک لە ئەستێرەکانی.
 
راپۆرتێکی رۆژنامەڤانی لە ئیسپانیا، سەبارەت بە پێکانەکەی دانی ئۆلمۆ ئەستێرەی هەڵبژاردەی ئیسپانیا و بارسێلۆنا هەواڵی خۆشی بە هاندەرانی بارسا رایگەیاند و دووپاتیکردەوە "پێکانەکەی ئۆلمۆ قورس نییە".
 
لە کاتی بەشداریکردنی لەگەڵ ئیل ماتادۆر لە یارییەکەی نێوان ئیسپانیا و سێربیا لە نەیشنسلیگ، کە بە ئەنجامی 0-0 یەکسانبوون، دانی ئۆلمۆ تووشی پێکان بوو، کە پشکنینە سەرەتاییەکان نەیانتوانی قەبارەی پێکانەکەی بەتەواوی ئاشکرا بکەن و ئەوەش هەواڵی جیاجیای بەدوای خۆیدا هێنا، کە هەندێک دەیانگوت پێکانەکەی قورسە و هەندێکی دیکەش دەیانگوت قورس نییە.
 
ئۆلمۆ بەشداری مەشقەکانی دوێنێ شەممەی تیپەکەی نەکرد، کە ئامادەکاری بوون بۆ رووبەڕووبوونەوەی سویسرا لە دووەم یاریی هەڵبژاردەکە لە نەیشنسلیگدا.
 
بەگوتەی رۆژنامەڤان مارتینێز فێران لە رادیۆی کەتەلۆنیای ئیسپانیا، ئۆلمۆ چەندین پشکنینی پزیشکی بۆ کراوە، و دەرکەوتووە کە پێکانەکەی قورس نییە.
 
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکردووە، پێشبینی دەکرێت لە یارییەکانی داهاتوودا ئۆلمۆ ئامادەبێت و بۆ گەڕی داهاتووی لالیگا لەگەڵ بارسێلۆنا یاری بکات.
 
هۆکاری پێکرانی دانی ئۆلمۆ لێدانێکی بەهێزبوو کە بەر ئەژنۆی راستی کەوتبوو، کاتێک لە خولەکی 67 لەگەڵ میلینکۆڤیچی بەرگریکاری سێربی بەریەککەوتن، بەڵام ناوبژیوان فاوڵی بۆ سێربیا هەژمارکرد و کارتی زەردی بە یاریزانی بارسا دا.
 
دوای لێدانەکە، ئۆلمۆ بۆ ماوەی چارەکێک لە یاریگا بەردەوام بوو، دواتر لە خولەکی 82 نەیتوانی بەردەوام بێت و گۆڕانکاری پێکرا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە