شێخ مەنسوور بۆ گواردیۆلا هاتە سەرهێڵ

 
رووداو دیجیتاڵ

شێخ مەنسوور بن زاید، خاوەنی یانەی مانچێستەر سیتی هاتووەتە سەرهێڵ و هەموو رێکارێک دەگرێتەبەر بۆ ئەوەی پێپ گواردیۆلا، لەگەڵ یانەکە بەردەوامبێت.
 
لە ماوەی رابردوودا دەنگۆی زۆر لەبارەی ئەگەری رۆیشتنی پێپ گواردیۆلا لە یانەی مانچێستەر سیتی بڵاوبووەوە، ئەمەش بووەتە جێگەی نیگەرانی هاندەرانی یانەکە و قسە و باسی زۆری لەبارەوە دەکرێت.
 
میدیای بەریتانیا لە پێشهاتێکی نوێدا دەڵێت "شێخ مەنسوور بن زاید، خاوەنی یانە ئینگلیزییەکە بە خەلدۆن موبارەک، سەرۆکی یانەکەی راگەیاندووە، هەرچییەک پێویستە بیکات بۆ ئەوەی گواردیۆلا تاوەکو ساڵی 2025 لە راهێنەرایەتیکردنی یانەکە بەردەوامبێت."
 
سەرچاوەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، لە ئەگەری رۆیشتنی گواردیۆلا لە داهاتوویەکی نزیکدا لە یانەکە، ئەو راهێنەرەی لە شوێنی ئەو راهێنەرایەتی یانەکە دەکات، پێویستی بە زیاتر لە 300 ملیۆن پاوەند دەبێت بۆ ئەوەی گرێبەست لەگەڵ یاریزانی نوێ بکات، ئەمەش ئەرکی یانەکە قورس دەکات.
 
پێپ گواردیۆلا، زیاتر لە جارێک رایگەیاندووە، بیر لە رۆیشتن لە مانچێستەر سیتی دەکاتەوە و ئەگەری هەیە لە دوای کۆتاییهاتنی گرێبەستەکەی واز لە راهێنەرایەتی یانەکە بهێنێت.
 
گواردیۆلا لە 1-7-2016 وەکو راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی دەستبەکاربووە، 2991 رۆژە راهێنەری ئەو یانەیە، لە 476 یارییدا 353 یاریی بردووەتەوە، 57 جار یەکسانبووە و 66 یاریی دۆڕاندووە.
 
پێپ لەگەڵ سیتیزنز 6 نازناوی پرێمەرلیگ، 2 نازناوی ئێف ئەی کەپ، 4 نازناوی کاراباو کەپ، نازناوێکی چامپیۆنزلیگ، نازناوێکی جامی سوپەری ئەورووپا و نازناوێکی مۆندیالی یانەکانی بردووەتەوە.
 
راهێنەرە 53 ساڵە ئیسپانییەکە، گرێبەستەکەی لەگەڵ مانچێستەر سیتی لە 30-6-2025 کۆتاییدێت و دیار نییە، دوای ئەو وادەیە دەمێنێتەوە یان لە یانەکە دەڕوات.