ڤیدیۆ؛ پەیامی مێسی و نەیمار بۆ ماڵئاواییکردن لە سوارێز

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
لویس سوارێز
لویس سوارێز
نیشانەکردن لویس سوارێز
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لویس سوارێز، ئەستێرەی ئۆرۆگوایی و یانەی ئینتەرمەیامی ماڵئاوایی لە هەڵبژاردەکە کرد و لیۆنێل مێسی و نەیمار داسیلڤا پەیامی بۆ دەنێرن.
 
سوارێز لە یاریی بەرامبەر پاراگوای لە رکابەرییەکانی پاڵاوتنی گەیشتن بە مۆندیال، دوایین یاریی خۆی بەدرێسی هەڵبژاردەی ئۆرۆگواییەوە ئەنجامدا و وازی لە یارییکردنی نێودەوڵەتی هێنا.
 
دوای کۆتاییهاتنی یارییەکە، رێوڕەسمێکی گەورە بۆ ماڵئاواییکردن لە لویزیتۆ رێکخرا، دیێگۆ فۆرلان، هێرشبەر و گۆڵکاری پێشووی هەڵبژاردەکە، دیێگۆ گۆدین، بەرگریکار و کاپتنی پێشووی هەڵبژاردەکە و ئۆسکار واشنتن تابارێز، راهێنەری پێشووی هەڵبژاردەی ئۆرۆگوای و ماڵباتی ئەستێرەکە ئامادەبوون.
 
سوارێز دوای 17 ساڵ یارییکردن بەدرێسی ئۆرۆگواییەوە، بە چاوی پڕ فرمێسکەوە ماڵئاوایی لە هاندەرانی هەڵبژاردەکە کرد.
 
نەیمار داسیلڤا، ئەستێرەی بەرازیل، لە رێگەی پەیامێکی ڤیدیۆییەوە بۆ ماڵئاواییکردنی سوارێز گوتی "دەزانم رۆژێکی خەماوییە بۆ ئۆرۆگواییەکان، چونکە ئەوان یاریزانێکی نایاب لەدەستدەن، بەڵام دڵنیام ئەو لە دڵیان و یادەوەرییەکانیان و مێژووی ئۆرۆگوایدا دەمێنێتەوە، باوەشێکتان بۆ دەنێرم، زۆر خۆشم دەوێی و هەمیشە بەیەکەوە دەبین."
 
لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەرجەنتینی و هاوڕێی نزیکی سوارێز لە پەیامەکەیدا دەڵێت " قۆناخێکی زۆر گرنگی ژیانی وەرزشیت کۆتاییدێت، بەڵام هێشتا ساڵی زۆرت لە تۆپی پێدا لە پێشە، دڵخۆشم کە لێرە دەبیت لە مەیامی و جارێکی دیکە لە تیپێکدا کۆدەبینەوە، کە بتوانین بەیەکەوە چێژ وەربگرین، رۆژ لە دوای رۆژ و هیوادارم ئەم ئێوارەیە لەگەڵ و هەمووان چێژ وەربگرن."
 
دوای ئەوە لویس سوارێز، دوایین پەیامی خۆی وەکو یاریزانی هەڵبژاردەی ئۆرۆگوای پێشکێشکرد و گوتی "ئۆرۆگوای لە هەموو یاریزانێک گەورەترە، لە هەموو راهێنەرێک و هەموو بەڕێوەبەرێکی وەرزشی و لە هەموو کەسێکی دیکە، ئۆرۆگوای سەرسوڕهێنەرە، لە بەیانییەوە من دەبمە هاندەری، هیوای سەرکەوتن بۆ هاوڕێکانی داهاتووم دەخوازم، دڵنیام لەسەر هەمان رێگەی ئێمە نوێنەرایەتی دەکەن، بابچینە پێشەوە ئۆرۆگوای، هەمیشە سوپاستان دەکەین گەلی ئۆرۆگوای."
 
لویس سوارێز، لەکاروانی یارییکردنیدا 143 یاریی بۆ هەڵبژاردەکە ئەنجامداوە، 69 گۆڵی تۆمارکردووە و گۆڵکاری مێژوویی هەڵبژاردەکەیە، لەگەڵ ئۆرۆگوای لویزیتۆ یەک نازناوی بەدەستهێناوە کە کۆپا ئەمریکای 2011 بوو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە