پەڕەکان.. گەمژەکانی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا

08-09-2020
سه‌فین ته‌ها @safintaha
A+ A-

رووداو - دیجیتال 

بابەتی گەرمی بەریتانیا و جیهان، دوورخستنەوەی دوو یاریزانی هەڵبژاردەی ئینگلتەرایە کە بریتین لە ماسۆن گرینوودی یاریزانی مان یونایتد و فیل فۆدینی یاریزانی مان سیتی، دوای ئەوەی سکانداڵێکیان لێئاشکرابوو کە ئافرەتیان بردووەتە هۆتێلی مانەوەی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا.

زۆربەی رۆژنامەکانی بەریتانیا ئەم دووانەیان بە گەمژە ناوبردووە و با بزانین چۆن باسیان دەکەن.



دەیلی مەیل نووسیویەتی: ستیوپد بۆیز، واتا کوڕە گەمژەکان، باسی ئەوەشیکردووە کە فیل فۆدین و ماسۆن گرینوود نێردرانەوە بۆ ماڵەوە، دوای ئەوەی یاساکانیان شکاند.

جگە لەوەش باسی ئەگەری سزادانێكی قورسی ئەو دوو یاریزانەی کردووە لەلایەن یەکێتی تۆپی پێی ئینگلتەراوە کە بۆ ماوەیەکی درێژ لە هەڵبژاردەکە دووردەخرێنەوە. 



دەیلی ئێکسپرێس نووسیویەتی: یو ئایدیەتس، بەهەمان شێوە بە واتای ئێوە گەمژەن دێت، کە ئەم رووداوەی کە ئابڕووچوون لێکداوەتەوە و سزادانەکانی ئەو دوو یاریزانەشی ئاشکراکردووە.

ئاماژەی بە سزاکانی سەر ئەو دوو یاریزانەشداوە و دەڵێت: هەردووکیان 250 هەزار کرۆنی ئایسلەندی کە دەکاتە هەزار و 300 پاوەند لەلایەن پۆلیسی ئایسلەنداوە سزادراون.



رۆژنامەکانی سپۆرت مێترۆ، بە گەورەیی نووسیویەتی، کیکێد ئاوت، بە مانای دەرکردن دێت، لە خوارەوەش نووسیویەتی، ساوسگێگ هیچ نەرمونیانییەکی لەگەڵ ئەو دوو یاریزانە نەنواند و هەردووکیانی ناردەوە.

ئەم رۆژنامەیە ئاماژەی بەوەشکردووە کە سزای ئەم دووانە بەم شێوەیە کۆتایی نایات، بەڵکو یانەکانیانیشیان سزایاندەدەن و داهاتووی هەردووکیان کە یاریزانی لاون، لە ژێر مەترسیدایە.



لە کۆتاییشدا دەیلی ستار لە بەشە وەرزشییەکەیدا بە مانشێتێکی گەورە نووسینێکی جیاوازی نووسیوە و دەڵێت: دەمب ئاند دەمبەر، ئەمەش ناونیشانی فیلمە بەنێوبانگەکەی ئەکتەری کۆمیدی و ئەفسانەی هۆڵیوود، جەیم کارییە، واتای ئەو رستەیە " گەمژە و گەمژەترە " ئەمەش مەبەست لێی فۆدین و گرینوودە.

ئەو رۆژنامەیە باسی لەوەشکردووە کە هەردوو یاریزانەکە لەلایەن هەڵبژاردەکەیانەوە سڕدەکرێن.

هەروەها فیل فۆدێن بەفەرمی داوای لێبوردنی کردووە، بەڵام ئێستا کاتی دیاریکردنی سزاکانیانە لەلایەن یانەکانیانەوە.

 


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە