رووداو دیجیتاڵ
بە ئامانجی دووبارەکردنەوەی ئەنجامی یاریی کۆتایی مۆندیالی 2018 و یادەوەرییەکانی ئەو یارییە، هەڵبژاردەی فەرەنسا رووبەڕووی هەڵبژاردەی کرواتیا دەبێتەوە.
لە درێژەی یارییەکانی خولی نەتەوەکانی ئەوروپا، لە رکابەرییەکانی ئاستی یەکەم و لە کۆمەڵەی سێیەمدا، هەڵبژاردەی فەرەنسای پاڵەوانی مۆندیال دوای بردنەوەی یاریی رابردوو لە هەڵبژاردەی سوێد لە دەرەوەی یاریگەی، ئەمشەو لە یاریگەی ستاد دێ فرانس لە پاریس میوانداریی هەڵبژاردەی کرواتیا دەکات.
لە یارییەکەدا پاڵەوانی مۆندیال، بەهۆی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە تواناکانی کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی گەنج و یەکەمی هەڵبژاردەکە بێبەشدەبێت، کە لە دوایین مەشقەکانی هەڵبژاردەکە تووشی کۆرۆنا بوو و لە هەڵبژاردەکە دوورکەوتووە، پێشتریش بەهەمان هۆکار هەریەکە لە پۆڵ پۆگبا، حوسام عەوار و ستیڤ ماندانداش لە هەڵبژاردەکە دوورخراونەتەوە.
کرواتیا لە یاریی رابردوودا بەرامبەر پۆرتوگال تووشی دۆڕانێکی گەورە بوو و بە گۆڵێک بەرامبەر چوار گۆڵ، بۆیە هەڵبژاردەکە ئەمشەو پێویستییەکی زۆری بەبردنەوە هەیە بۆ ئەوەی لە رکابەرییەکە دوورنەکەوێتەوە، بەڵام ئەرکی لە یارییەکەدا ئاسان نییە.
فەرەنسا لە مێژوودا 6 یاریی بەرامبەر کرواتیا کردووە، هیچ یەکێک لە یارییەکانی نەدۆڕاندووە و دوایین یاریشیان لە کۆتایی مۆندیالی 2018ـی رووسیا بوو، کاتێک کەڵەشێرەکان بە 4-2 یارییەکەیان بردەوە و نازناوەکەیان بەدەستهێنا.
لە یارییەکی دیکەدا کە یەکەم دەرکەوتنی کریستیانۆ رۆناڵدۆ، کاپتنی هەڵبژاردەی پۆرتوگالی تێدا دەبیندرێت، هەڵبژاردەکە بەرامبەر هەڵبژاردەی سوێد یارییدەکات.
پۆرتوگالی پێشەنگی کۆمەڵەی سێیەمی ئاستی یەکەم، لە یاریگەی فرێندز ئارێنا بەرامبەر سوێد یارییدەکات، پۆرتوگال لە یاریی رابردوودا بەهۆی پێکانەوە لە تواناکانی کریستیانۆ رۆناڵدۆ بێبەشبوو، بەڵام یاریزانەکە دوو رۆژ لەمەوبەر دەستی بە مەشق و راهێنانکردەوە و بۆ یارییەکەی ئەمشەو ئامادەیە، دۆن لە بەردەم تۆمارکردنی مێژوویەکی دیکەدایە و لە ئەگەری تۆمارکردنی گۆڵێک دەبێتە خاوەنی 100 گۆڵ بە درێسی هەڵبژاردەی پۆرتوگالەوە.
لە یارییەکی دیکەدا لە ئاستی یەکەم و لە کۆمەڵەی دووەمدا، هەڵبژاردەی ئینگلتەرا دوای ئەوەی لە یاریی رابردوودا بە زەحمەت لە هەڵبژاردەی ئایسلەندی بردەوە، لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر دانیمارک یارییدەکات، کە ئەمیان لە یاریی رابردوودا بەرامبەر بەلجیکا تووشی شکستبوو.
هەڵبژاردەی بەلجیکا لە هەمان کۆمەڵەدا، بە ئامانجی بەرگریکردن لە پێشەنگی ریزبەندی کۆمەڵەکە میوانداری هەڵبژاردەی ئایسلەندا دەکات.
یارییەکانی ئەمڕۆی نەیشن لیگ
ئەرمینیا - ئەستۆنیا 19:00
جۆرجیا - مەسەدۆنیای باکوور 19:00
بەلجیکا - ئایسلەندا 21:45
دانیمارک - ئینگلتەرا 21:45
فەرەنسا - کرواتیا 21:45
سوێد - پۆرتوگال 21:45
قوبرس - ئازەربایجان 21:45
لوکسمبۆرگ - جیبرالتار 21:45
سان مارینۆ - لیخنشتاین 21:45
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ