چارەنووسی کۆتینیۆ یەکلاییکرایەوە

08-09-2020
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن فیلیپ کۆتینیۆ یانەی بارسێلۆنا
A+ A-

رووداو دیجیتال

بەڕێوەبەری کارەکانی فیلیپ کۆتینیۆی یاریزانی بەرازیلی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، چارەنووسی ئەو یاریزانەی لەگەڵ یانە کەتەلۆنییەکە ئاشکراکرد و رایگەیاند "رۆناڵد کۆمان بڕیاری کۆتایی لەسەر کۆتینیۆ داوە".

لە وەرزی رابردوودا کۆتینیۆ بەشێوەی خواستن یاری بۆ یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی کرد و لەگەڵیدا هەرسێ نازناوی خول و جامی ئەڵمانیا و چامپیۆنزلیگی بەدەستهێنا، بەڵام سەرەڕای ئەوەش یانە باڤارییەکە ئامادەنەبوو یاریزانە بەرازیلییەکە بە گرێبەستێکی هەمیشەیی بیباتە ریزەکانی، بۆیە میدیاکان باسیان لەوە دەکرد کە بارسا دەیەوێت کۆتینیۆ بفرۆشێت یان بەشێوەی خواستن بداتە یانەیەکی دیکە.

کیا جۆرابچیانی بەڕێوەبەری کارەکانی کۆتینیۆ، لەبارەی چارەنووسی یاریزانەکەوە قسەی یەکلاییکەرەوەی کرد و گوتی "فیلیپ لە وەرزی نوێدا لەگەڵ بارسێلۆنا دەمێنێتەوە".

ئەو لە بەردەوامی لێدوانەکەیدا، گوتیشی "دوای ئەوەی کۆتینیۆ لەگەڵ بایرن میونشن نازناوی چامپیۆنزلیگی بردەوە، رۆناڵد کۆمانی راهێنەری نوێی بارسێلۆنا بە تەلەفۆن پەیوەندی پێوەکردووە و پێیگوتووە حەزدەکات بگەڕێتەوە بارسا، چونکە لە پلانەکانیدایە".

کیا جۆرابچیان، هەروەها گوتی "بڕیاربوو کۆتینیۆ لە 7ـی ئەم مانگە بگەڕێتەوە بارسێلۆنا، بەڵام ئەو زووتر گەڕایەوە، چونکە نەیدەویست توانای جەستەیی خۆی لەدەستبدات، بۆیە بڕیاریدا زووتر بگەڕێتەوە".

بەڕێوەبەری کارەکانی فیلیپ کۆتینیۆ ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە هەموو بەڵگەکان دەریدەخەن کە گۆڕانکارییەکی گەورە لە بارسێلۆنادا روویداوە، هەروەها شێوازی بیرکردنەوەش گۆڕانی بەسەردا هاتووە و ئیدی دەیانەوێت دەرفەتی یاریکردن بە یاریزانە گەنجەکانی وەک کۆتینیۆ، دێمبێلی و گریزمان بدەن.

سەبارەت بەوەی ئایا تۆمارکردنی دوو گۆڵ لە تۆڕی بارسا لەلایەن کۆتینیۆوە لە چامپیۆنزلیگدا، کاریگەری بەسەر پەیوەندییەکانی نێوان یاریزانەکە وهاندەرانی بارساوە دەبێت؟ جۆرابچیان گوتی "لە راستیدا یاریزان دەبێت لەنێو یاریگەدا ئەرکی خۆی جێبەجێبکات. لەوانەشە ئەو دوو گۆڵە هۆکاربن بۆ گەڕانەوەی کۆتینیۆ بۆ ریزەکانی بارسێلۆنا".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە