رووداو زانیاری ورد لەسەر کێشەکانی نێو یەکێتیی تۆپی پێی عێراق بڵاودەکاتەوە

رووداو هەولێر

لە دوایین کۆبوونەوەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، لە شاری بەغدا کێشە کەوتە نێوان سەرۆک و ئەندامانی فیدراسیۆنەکە و کۆبوونەوەکە تەواونەکرا.
 
خیسۆس کاساس، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق، لە چەند رۆژی رابردوودا بەشێوەیەکی فەرمی بە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراقی راگەیاند کە داوادەکات بڕی ملیۆنێک دۆلاری ئەمریکی بۆ سەر گرێبەستەکەی زیادبکرێت، ئەم هەڵوێستەی کاساس کاردانەوەی جیاوازی لە شەقامی وەرزشیی عێراق لێکەوتەوە.
 
دوێنێ فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، لەسەر بابەتی زیادکردنی پارەی کاساس کۆبووەوە، ئەندامێکی فیدراسیۆنەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت بە رووداوی راگەیاند "عەدنان درجال پاڵپشتی داواکارییەکەی خیسۆس کاساسی کرد و پێیوایە کە دەبێت مووچەکەی زیاد بکرێت، متمانەیەکی زۆری بەو راهێنەرەیە بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکەی و گەیشتنی عێراق بۆ جامی جیهانی".
 
کاساسی ئیسپانی لەگەڵ هاتنی بۆ عێراق توانی نازناوی جامی کەنداو بباتەوە، هەڵبژاردەی عێراقی بەهێز کردووە و گەیشتووەتە قۆناخی کۆتایی پاڵاوتنەکانی کیشوەری ئاسیا بۆ گەیشتن بە یارییەکانی مۆندیالی 2026.
 
ئەو ئەندامەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، زیاتر روونیکردەوە "شەش ئەندامی فیدراسیۆنەکەمان لەنێو کۆبوونەوەکەدا دژی عەدنان درجال بوون، پێیانوایە کە نابێت پارەی کاساس زیاد بکرێت، بارودۆخ و گفتوگۆکان تووندبوون و درجال کۆبوونەوەکەی جێهێشت و دوایین پەیامی ئەوەبوو کە دەستلەکارکێشانەوەکەی دەداتە سەرۆک وەزیرانی عێراق و پێیدەڵێت ئەندامەکان دژی پڕۆژەکەی منن".
 
بڕیارە هەڵبژاردەی عێراق لە چەند رۆژی داهاتوودا کەمپێکی راهێنان لە شاری دەوحەی پایتەختی قەتەر بکاتەوە، چاوەڕواندەکرێت لەو کەمپەدا هەریەک لە ئوسامە رەشید، ئاکام هاشم، بڵند ئازد و یوسف ئەمین وەک چوار ئەستێرەی کورد بەشداربن.