ئارتێتا یاریزانەکانی ئارسیناڵ شۆک دەکات


رووداو دیجیتاڵ

میکێل ئارتێتا، راهێنەری یانەی ئارسیناڵ بەکارێکی چاوەڕواننەکراو یاریزانەکانی تووشی شۆک دەکات.
 
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، ئارتیتا لەگەڵ کۆمەڵێک تیمێکی شارەزای دزیکردن رێککەوتووە بۆ ئەوەی دزی لە یاریزانەکانی یانەکەی بکەن.
 
میدیای بەریتانیا دەڵێت "ئارتێتا، لەگەڵ چەند دزێکی پرۆفیشناڵ رێککەوت بۆ ئەوەی وانەیەکی سایکۆلۆژی بە یاریزانەکانی بدات.
 
لەو کاتەی یاریزانەکانی ئارسێنال لە ئێوارەخوانێکدا بوون، کۆمەڵێک دزی پرۆفیشنال کە شارەزان لە هونەرەکانی دزیکردن دێن، مۆبایل و جزدانی یاریزانەکان دەبەن بێ ئەوەی یاریزانەکان هەستی پێ بکەن.
 
دوای ئەوەی لە نانخواردن تەواو دەبن، ئارتێتا بە یاریزانەکان دەڵێت "ئەوەی لە گیرفانتانە بیخەنە سەر مێز"، یاریزانەکان شۆک دەبن بەوەی کە گیرفانەکانیان چۆڵە و هیچیان تێدانییە و نازانن چۆن بەو شێوەیە دزییان لێکراوە.
 
پاش ئەو رووداوە، راهێنەری یانەی ئارسیناڵ بە یاریزانەکانی رادەگەیێنێت ئەمە تاقیکردنەوەیەک بوو، بۆ ئەوەی یاریزانەکان لێیەوە فێربن و پێویستە هەموو کاتێک وریابن و ئاگاداری دەورووبەریان بن.
 
ئەم پلانەی میکێل ئارتێتا، لە دونیای تۆپی پێدا شتێکی نوێیە، لە ماوەی چەند کاژێری رابردوودا لەسەر ئاستی جیهان کاردانەوەی گەورەی دروستکرد.
 
ئارسیناڵ خۆی بۆ رکابەرییەکانی وەرزی نوێ ئامادەدەکات، شەوی چوارشەممە لە دوایین یاریی دۆستانەدا بە چوار گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک سەرکەوتنی بەرامبەر بایرلیڤەرکوزن بەدەستهێنا.