بارسێلۆنا لەبارەی گرێبەستەکەی ئۆلمۆوە گومانی بۆ دروست بووە

رووداو دیجیتاڵ

 

یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، سەرەڕای ئەوەی دڵخۆشە بە بەدەستهێنانی واژۆی دانی ئۆلمۆ، یەکێک لە باشترین یاریزانەکانی یۆرۆی 2024، بەڵام بەرپرسانی هێشتا جۆرێک لە دڵەڕاوکێیان هەیە سەبارەت بەو یاریزانە و دەترسن هەمان ئەزموونی عوسمان دێمبلی لەگەڵیدا دووبارە ببێتەوە. 
 
ئەگەرچی بارسا هەموو پشکنینە پێویستەکانی بۆ دانی ئۆلمۆ کردووە بەر لەوەی لەگەڵیدا رێککبکەوێت، بەڵام هێشتا جۆرێک ترسی لەوە هەیە دانی ئۆلمۆ یاریزانێکی شووشەیی بێت و زۆر و زوو تووشی پێکان ببێت، چونکە ئەزموونی ئەو یاریزانە لەگەڵ پێکانەکان باش نییە.
 
بارسێلۆنا گرێبەستی لەگەڵ دانی ئۆلمۆی یاریزانی یانەی لایپزیگی ئەڵمانی و هەڵبژاردەی ئیسپانیای پاڵەوانی ئەوروپا کردووە و راگەیاندنی بەشێوەیەکی فەرمی لە ئان و ساتدایە.
 
رۆژنامەی ئەی ئێسی ئیسپانی، نیگەرانییەکانی بەرپرسانی بارسای لەپشت پەردەوە ئاشکراکرد سەبارەت بە مێژووی ئەستێرەی هەڵبژاردەی ئیسپانیا، دانی ئۆلمۆ لەگەڵ پێکانەکان و ئازارەکانی بەهۆی هەمیشە دووبارەبوونەوەی پێکانەکانییەوە.
 
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوە کردووە، کە بارسێلۆنا سەرەتا لە نەخۆشخانەی یانەکە پشکنینی پزیشکی بۆ یاریزانەکە ئەنجامداوە، دواتر لە سپۆرت سیتی.
 
هەروەها روونیکردەوە کە ئەنجامەکە دڵنیاکەرەوە بوو بۆ کارگێڕیی بارسێلۆنا، هەروەها ئامادەیی تەواوی یاریزانەکەی پشتڕاستکردەوە بۆ ئەوەی لەسەر بڕیاری پزیشکی پەیوەندی بە تیپەکەوە بکات.
 
ئۆلمۆ لە ماوەی نێوان ئەیلوولی 2021 تاوەکو حوزەیرانی 2024 تووشی 9 پێکان بووە، کە یەکەم پێکانی لە ماوەی نێوان ئەیلوول و تشرینی یەکەمی 2021 لە ماسوولکەکانی پشتی بوو، کە لە ئەنجامدا بەشداری لە 9 یارییدا نەکرد.
 
پێکانەکەی لە مانگی تشرینی دووەمی 2021 بۆ ماوەی 40 رۆژ نوێ بووەوە، هەروەها لە وەرزی 2021-2022 لە 8 یارییدا بەشداری نەکرد، وێڕای ئەوەی یاریزانەکە تووشی بەهۆی ڤایرۆسی Covid-19.
 
لە وەرزی 2022-2023 ئۆلمۆ تووشی پێکان بوو کە بۆ ماوەی 49 رۆژ لە یاریگاکان دوورکەوتەوە و لە 13 یاریدا بەشداری نەکرد. وەرزی رابردووش بەهۆی پێکانە درێژخایەنەکەیەوە لە 16 یاریدا بەشداری نەکرد.
 
بەرپرسانی بارسێلۆنا ترسیان هەیە هەمان ئەزموونی عوسمان دێمبلی، یاریزانی فەرەنسی لەگەڵ دانی ئۆلمۆ دووبارە دەبێتەوە، کە دوای ئەوەی لە بۆرووسیا دۆرتموندی کڕی، تووشی چەندین پێکان بوو، و نەیتوانی لەگەڵ یانەکە سەرکەوتوو بێت، تاوەکو ریزەکانی بەرەو پاریس سانجێرمان جێهێست.