تایبەت بە رووداو.. ئەمڕۆ کچێکی هەولێری لە ئۆڵیمپیاددا یاری دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ لە رکابەرییەکانی ئۆڵیمپیادی پاریسدا کچە یاریزانێکی بەڕەچەڵەک کورد یاری دەکات و دەیەوێت یەکەم قۆناخی رکابەرییەکەی بەسەرکەوتوویی ببڕێت.
 
لە رکابەرییەکانی یاریی (Modern Pentathlon) کە لە پێنج یاری پێکدێت و یارییەکانی ئەسپیسواری، راکردن، شمشێربازی، مەلەوانی و نیشانەشکاندنە لە خۆی دەگرێت.
 
مارلێنا جەواد، یاریزانێکی بەڕەچەڵەک کوردە، باوکی خەڵکی هەولێرە و دایکی بولگارییە، ئەمڕۆ لە یەکەم قۆناخی رکابەرییەکانی ئەو یارییەدا بەشدار دەبێت.
 
دانیێل جەواد، باوکی ئەو یاریزانەیە و ئێستا لەگەڵ ماڵباتەکەی لە فەرەنسایە بۆ پاڵپشتیکردنی کچەکەی بۆ ئەوەی ئەنجامێکی باشی لە رکابەرییەکەدا هەبێت.
 
باوکی یاریزانەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "ئێمە بە رەچەڵەک خۆشناوین و خەڵکی هەولێرین، 44 ساڵ لەمەوبەر چوومەتە ئەورووپا و کچەکەم لە دایکبووی بولگاریایە و ئێستا بۆ سوێد یاری دەکات."

 
دانیێل جەواد زیاتر گوتی "سەرەتا کچەکەم یاریی بۆ بولگاریا دەکرد، بەڵام بەهۆی ئەوەی بۆ ئۆڵیمپیادی تۆکیۆ بانگهێشت نەکرا، بڕیارییدا بۆ سوێد یاری بکات و ئێستا یاریزانی هەڵبژاردەی ئەو وڵاتەیە."

 
سوێد بە 119 یاریزان بەشداریی لە رکابەرییەکانی ئۆڵیمپیاددا کردووە، 58 یاریزانی پیاوە و 61 یاریزانی لەسەر ئاستی خانمانە.

 
مارلێنا جەواد، تاکە یاریزانی نێو شاندی سوێدە لە ئۆڵیمپیادی پاریسدا بەشداری لە رکابەرییەکانی Modern Pentathlon بکات.