کاتی پێشکێشکردنی ئۆلمۆ لەلایەن بارسێلۆناوە ئاشکراکرا

رووداو دیجیتاڵ

یانەی بارسێلۆنا وادەی پێشکێشکردنی گرێبەستە نوێیەکەی، دانی ئۆلمۆ بۆ میدیاکان و هاندەرانی یانە کەتەلۆنییەکە دیاریکردووە.
 
بەگوێرەی رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی، بڕیارە بارسێلۆنا لە ماوەی چەند کاژێرێکی داهاتوودا بەفەرمی گرێبەستەکەی لەگەڵ دانی ئۆلمۆ رابگەیێنێت، کە سێشەممەی رابردوو لەگەڵ ئەو و لایپزیگی یانە ئەڵمانییەکەی رێککەوتنی لەسەرکراوە.
 
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکردووە، سبەی هەینی ئۆلمۆ وەک گرێبەستێکی نوێ پێشکێش دەکرێت لەلایەن بارسێلۆناوە.
 
رۆژنامەکە هەروەها دووپاتیدەکاتەوە کە رێوڕەسمی واژۆکردنی گرێبەستەکە لەگەڵ خوان لاپۆرتای سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا، سبەی هەینی کاژێر 11ـی بەیانی لە یاریگای تیتۆ ڤیلانۆڤا لە بارسێلۆنا سپۆرت سیتی بەڕێوەدەچێت، دانی ئۆلمۆش لە کاژێر 12:15 خولەکدا بەشداری لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی دەکات و بۆ یەکەمجار وەک یاریزانی بارسێلۆنا وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانان دەداتەوە.
 
بەهای گرێبەستەکەی دانی ئۆلمۆ لەگەڵ بارسێلۆنا دەگاتە 47 ملیۆن یۆرۆ، ئەمە جگە گۆڕانکارییەکان، کە بریتین لە پاداشتەکانی پەیوەست بە نازناوەکان و بەشداریکردن لە 60٪ـی یارییەکان.
 
ئۆلمۆ گرێبەستێک بۆ ماوەی 6 وەرز لەگەڵ یانە کەتەلۆنییەکە واژۆ دەکات، واتا تاوەکو هاوینی ساڵی 2030 یاری بە درێسی بلاوگراناوە دەکات، کە پارەی گرێبەستەکەش بە چەند قیستێک دەدرێتە یانەی لایپزیگی ئەڵمانی.
 
دانی ئۆلمۆ، دوای 10 ساڵ لە جێهێشتنی یانە کەتەلۆنییەکە دەگەڕێتەوە، چونکە کاتێک تەمەنی 16 ساڵ بوو، بەرەو یانەی دینامۆ زاگرێبی کرواتی رۆیشت.