ڤیدیۆ؛ ئەو مەغریبییەی مێژووییەکی لەبیرنەکراوی لە ئۆڵیمپیاددا تۆمارکرد


رووداو دیجیتاڵ

سوفیان بەقال، راکەری مەغریبی پارێزگاریی لە میدالیای زێڕی ئۆڵیمپیاد کرد و پلەی یەکەمی لە رکابەرییەکانی راکردنی 3 هەزار مەتریی بەربەستدا بەدەستهێنا.
 
لە رکابەرییەکانی یارییەکەدا لەسەر ئاستی پیاوان، بەقال بە ئارامییەوە چووە نێو رکابەرییەکە و لە سەرەتای دەستپێکردنی راکردنەکەدا لە ناوەندی ریزبەندەکە بوو، بەڵام چەند سەت مەترێک پێش گەیشتنیان بە خاڵی کۆتایی، راکەرە مەغریبییەکە بازدانەکانی خێراتر کرد و پێش هەموو رکابەرەکانی کەوت.
 
سوفیان بەقال بە 8 خولەک و 6 چرکە و 5 لە بەشی هەزاری چرکە گەیشتە خاڵی کۆتایی و میدالیای زێڕی رکابەرییەکەی لە بەرژەوەندی خۆی یەکلاکردەوە.
 
کینیس روکسی ئەمریکی پلەی دووەم و میدالیای زیوی بردەوە و ئەبراهام کیبیووتی کینیش پلەی سێیەم و میدالیای برۆنزی بەرکەوت.
 
بردنەوەی میدالیای زێڕ باشترین ئەنجامی سوفیان بەقالە لەم وەرزەدا، یاریزانەکە ئەمە دووەم ئۆڵیمپیادە لەسەریەک میدالیای زێڕی ئەم یارییە بباتەوە و بووە سێیەم یاریزان لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی لە دوو ئۆڵیمپیادی لەسەریەک میدالیای زێڕی یارییەکەی بباتەوە، دوای هەریەکە لە شام کەروجی هاونیشتمانی و ئوسامە مەلولی تونسی.
 
بەقال ریکۆردێکی مێژوویی تۆمارکرد و بووە یەکەم راکەر دەرەوەی وڵاتی کین لە دوای 1980ـەوە میدالیای زێڕی ئەم یارییە بۆ جاری دووەم لەسەریەک بەدەستبهێنێت.
 
سوفیان بەقال تەمەنی 28 ساڵە، ئەمە دووەم ئۆڵیمپیادە بەشداری دەکات و لە هەردووکیاندا میدالیای زێڕی بەدەستهێناوە، لە پاڵەوانێتیی جیهاندا لە هەردوو ساڵی 2022 لە ئەمریکا لە 2023 لە هەنگاریا میدالیای زێڕی بردووەتەوە.